بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە گەڵ محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت ئابوری و بازرگانی تاوتوێ کرا.
هەر دوو لا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا، ناوچەکە و جیهانیش بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سوریا هەروەها جەختیان لە سەر پابەندبوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سوریا و ڕاگەێندراوی کۆتایی دانوستانەکانی ئاستانە و پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی ئەم وڵاتە کردەوە.
پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ لەناوبردنیان لە سەر خاکی سوریا تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکانی نێوان مێقداد و زەریف بووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا پاڵپشتی وڵاتەکەیی بۆ سوریا لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاند./.