بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕەخنەی لەوانە گرت کە هێرشە ڕۆکێتییەکان لەم وڵاتە ئەنجام دەدەن و وتی کە ئەوان گەل و حکومەتی عێراقیان کردووەتە ئامانج.
ناوبراو بە کەناڵی سۆمریەی ڕاگەیاند کە بەغدا داوای ئەوەی نەکردووە کە دۆسیەی هەڵبژاردنەکان بە تەواوی لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت بەڵکوو هەوڵی ئەوەیداوە کە میکانیزمێک بۆ هاوکاریی ئەم وڵاتە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە ئەگەر هێرشە ڕۆکێتییەکان بەردەوام بێت چاودێرانی نێودەوڵەتی لەو پرۆسەیەدا بەشداری ناکەن.
فۆئاد حوسێن ئەنجامدەرانی هێرشە ڕۆکێتییەکانی بە تیرۆریست ناو برد و وتی کە کردەوەکانی ئەوان لە دژی گەل و حکومەتی عێراقە.
وتیشی کە ئێمە بە دانوستان نەک بە هێرشی ڕۆکێتی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکامان لە 5 هەزار سەرباز بۆ زیاتر لە نیوە کەمکردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە ئێران جەختیکردووەتەوە کە ئەو هێرشانە پەیوەندییان بەم وڵاتەوە نییە./.