بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە وتی کە خەڵک دەرفەتی کودەتا نادەن.
ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای ئەرمینیا وەک پاڵپشتییەک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە سەرۆک وەزیران بە سەر ئاسمانی ئیروانی پایتەختدا دەسوڕێنەوە.
هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە وتارێکی ڤیدیۆییدا وتی کە فەرمان دەدەمە سەرجەم سەربازەکان، ئەفسەران و فەرماندەکانی سوپا کە تەنیا بە کاری یاسایی خۆیانەوە سەرقاڵ بن و بەرگری لە سنورەکان و یەکپارچەیی خاکی وڵات بکەن.
پاشینیان وتی کە بە پێی یاسا هێزەکانی سوپا ناتوانن لە ئیش و کاری سیاسیدا دەستێوەردانیان هەبێت و سوپا دەبێت گوێڕایەڵی ئەو بەرپرسانە بن کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێرێن.
ناوبراو وتی: لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە سەرۆک کۆمارم ڕاگەیاندووە کە نامەی لادانی سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان واژۆ بکات، بە پێچەوانەی ئەمەش پاڵپشتیی لە کودەتاچییەکان کردووە.
سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا وتی کە تەنیا خەڵک دەتوانن داوای دەست لە کار کێشانەوەی من بکەن./.