بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح ڕۆژی چوارشەممە وتی کە هیوادارین پەیوەندییەکانی بەغدا لە گەڵ ئێران ببێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
ناوبراو لە میانەی بەشداری ئۆنلاین لە کۆنفرانسێک بە ناونیشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حکومەتی نوێی ئەمریکا کە لە واشنتن بەڕێوەچوو، وتی کە بە هیوادارییەوە لەوە دەڕوانین پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران بگاتە سەقامگیری عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
ناوبراو وتی: هەر دوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا خوازیاری مانەوەی هەمیشەیی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا نین.
بەرهەم ساڵح وتی کە هێشتا شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش تەواو نەبووە و پاشماوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە سوریادا ماون و شەڕی دژ بە تیرۆر دەبێت بەردەوام بێت.
سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس وتی کە عێراق دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەبێت./.