بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە پەیوەندی بە سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعوودیەوە دەکات.
ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی داوە کە پەیوەندییەکەی بایدن و بن سەلمان تەنیا چەند ڕۆژ بەر لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا سەبارەت بە تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودیە و تێوەگلانی جێنشینی ئەو وڵاتە لە تاوانەکەدا دەبێت.
پێشتریش جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە بە پێچەوانەی خولی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پەیوەندییەکان لەم خولەدا هاوتا بە هاوتا دەبێت و بایدن لە گەڵ شا سەلمان وتووێژ دەکات نەک محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە./.