بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆزپ بۆرڵ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: ڕەنگە چەندین دۆسیەی دیکە لە گەڵ ئێران هەبێت، بەڵام نابێت هەموو شتێک پێکەوە باس بکرێت، لە بەر ئەوەی کە لەو هەلومەرجەدا دەرگای وتووێژەکان دادەخرێت.
ناوبراو وتی: بۆ ئێمەی ئەورووپی، ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران وەک دەسکەوتێکی دیپلۆماسییە و پێی شانازی دەکەین و پاش ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ تاکلایانە لەو ڕێکەوتنە کشایەوە، هەوڵی پاراستنمان داوە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپی دانی بەوەشدا ناوە کە لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی، وڵاتانی ئەورووپی پابەندی بەڵێنەکانیان لەو ڕێکەوتنە نەبوون، بە تایبەت لە مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ڕێکەوتنەکە بۆ تاران.
جۆزپ بۆرڵ وتی: دەبێت لەم دەرفەتەی ڕێکەوتنی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی کەڵک وەربگرین، ئەمەش بەندە بە گەڕانەوەی ئێران بۆ بەڵێنەکان و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە./.