بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد زەکی یەمانی وەزیری پێشووتری نەوتی سعوودیە لە تەمەنی 91 ساڵیدا لە شاری لەندەن کۆچی دوایی کرد.
یەمانی بە هۆی ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری لە پیشەسازی نەوتی سعوودیە وەک باوکی دۆسیەی نەوتیی ئەو وڵاتە ناوی دەبرێت.
ناوبراو لە ساڵی 1962 تا 1986 وەزیری نەوتی سعوودیە بووە و چەند سەرچاوەیەکیش وەک یەکەم ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپێک ناویان بردووە.
یەمانی لە ساڵی 1930 لە شاری مەککەی پیرۆز لەدایکبووە و نوێنەری چوار شای سعوودی لە ڕێکخراوی ئۆپێک بووە و لە ساڵی 1973 ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی گەمارۆی نەوتیی وڵاتانی عەرەبی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە.
لەو کاتەدا ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە مەترسی ئەوەمان لە سەرە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیرە نەوتەکانی سعوودیە لەناو ببات.
ئەحمەد زەکی یەمانی یەکێک لە گرنگترینی ئەو کەسانە بووە کە ڕۆڵی لە دامەزراندنی کۆمپانیانی نیشتمانی نەوتی سعوودیە و هەروەها ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناسراو بە ئۆپێک هەبووە و لە لایەن زانکۆی ئەکسفۆردیش وەک پیاوە مێژووسازەکەی پیشەسازی نەوت ناوی هاتووە./.