بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسەننا ئەمین ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، بڕیارەکەی پێشووی ئەمریکای بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە هەڵە ناو برد.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی ئەو کێشەیە کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکایە بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەبێت بە بڕیارێکی درووست و گونجاوی نازانین.
ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق هەروەها وتی کە بڕیاری هەڵەی لەو شێوەیە مەترسی پێکدادانی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکای لێدەکەوێتەوە و ئەم مەترسییەش زیاتر بەرۆکی عێراق دەگرێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەت و پەرلەمانی عێراق لە سەر ئەو ڕووداوانە وتی: لە هەر حاڵەتێکدا پێم وایە کە هیچ هێزێکی عێراقی پاڵپشتی لەو بڕیارە ناکات، ئەمەش پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی عێراقەوە هەیە کە نەبێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی نێوان ئێران و ئەمریکا./.