بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی لە کۆنفرانسی ڕەهەندە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز، وتی: ئەمرۆ شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە جیهاندا بووەتە وێردی سەر زمانی دۆست و دوژمن، لە بەر ئەوەی کە بە ئازادی دەژی و ئازادییەکەشی بە تێکۆشان و خۆڕاگری ڕۆڵەکانی مسۆگەر کردووە، ئێمە لە چەندین قۆناغدا خۆڕاگری و دەسکەوتەکانیمان سەلماندووە. قۆناغێک لە حکومەتی زاڵمانەی شا کە بەرهەمەکەی بووە شۆڕشی ئیسلامی و قۆناغی دیکە لە شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی گەلی ئێران کە شکستمان بەو هەموو پاڵپشتییەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە ڕژێمی بەعس هێنا.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان لە خۆڕاگری گەلی ئێران ئەوەیە کە هەڕەشەکان دەکاتە دەرفەت، ئەوەی کە ئەمریکا بەردەوام وەک هەڕەشە لە دژی ئێمە بەکاری هێناوە، لای ئێمە بووەتە دەرفەت، ئەوان شەڕیان لە دژی ئێمەدا سەپاند بەڵام بۆ ئێمە بووە باشترین دەرفەت.
لیوا قائانی وتی: ئێمە چوار زمان بە باشترین شێواز فێربووین، یەکەم، زمانی هەژاران و زوڵملێکراوان کە بزانین چی دەڵێن و چییان دەوێت، دووەم، زمانی ڕاستگۆیی، سێهەم، زمانی هێز و سەربەرزی و چوارەم ئەگەر بەم زمانانە نەتوانین لە گەڵ لایەنی بەرامبەرمان قسە بکەین، زمانی زۆرە، بۆ نموونە یەکێک وەک ئەمریکا تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگات و دەبێت بەم زمانە قسەی لە گەڵ بکەین.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە خوێنی شەهیدانی خۆڕاگری لە ئاکامدا دەگاتە ئازادکردنی قودسی پیرۆز./.