بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم شەپۆلە کاردانەوەیە لە وتار و نووسینی شارەزایان و شرۆڤەکاران، میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە ڕوونی دەبینرێت.
کەناڵی عەرەبیەی سعوودیە یەکەم جار نییە کە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ڕەغد سەدام دەبێت و لە ڕابردووشدا بە بۆنە جیاجیاکان ئەو چاوپێکەوتنانەی هەبووە کە لە هەر قۆناغێکدا ڕای گشتی عێراقی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە.
ئەم کەناڵە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام لە ساڵی 2003 یەکەم چاوپێکەوتنی لە گەڵ ڕەغد کرد و دوایین چاوپێکەوتنیشی لە مانگی شوباتی 2018 بووە، ئەو کاتەی کە دەزگای دادی عێراق ناوی ڕەغدی خستە ڕیزی داواکراوانی تیرۆر. عەرەبیە سەبارەت بەم بابەتەش لە گەڵ ڕەغد چاوپێکەوتنی کرد.
هەر جار کە ڕەغد لە کەناڵی عەرەبیە دەبینرێت ئاڵۆزی دەکەوێتە پەیوەندییەکانی عێراق لە گەڵ ئۆردن و سعوودیە، ئەمجارەش ئەمە بینراوە.
پاش ئەم چاوپێکەوتنەی عەرەبیە لە گەڵ ڕەغد، لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کرد کە وەک ناڕەزایەتییەک بانگهێشتی باڵیۆزانی ئۆردن و سعوودیە بکات و نامەی ناڕەزایەتی فەرمی بەغدایان ڕادەست بکات.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕەغد سەدام بە پاڵپشتی لە تیرۆر و توندووتیژییەکان لە عێراق تۆمەتبارە و بەو هەموو داواکارییەی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لەم وڵاتە، ئۆردن ڕادەستی دەزگای دادی عێراقی نەکردووەتەوە.
حکومەتی عێراق تەنانەت داوای لە پۆلیسی نێودەوڵەتی کردووە کە ڕەغد دەستبەسەر بکات بەڵام ئەوەش بە بیانووی بێ بنەما پشتگوێ خراوە.
بێگومان چاوپێکەوتنی ئەمجارەی ڕەغد شەپۆلێکی نیگەرانیی لە کۆمەڵگای عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی بەعسییەکان بۆ دەسەڵات بە دواوە بووە، ئەگەرچی کە شارەزایان و شرۆڤەکارانی سیاسی گەڕانەوەی بەعس بە ئەستەم دەزانن.
بە پێی دەستووری عێراق و یاسای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ڕژێمی بەعس کە لە ساڵی 2016 دەرکراوە، هەر چەشنە چالاکییەکی بەعسییەکان لە عێراق بە تاوان دادەنرێت و ئەوەی کە لەم پێناوەدا هەوڵ بدات وەک تاوانبارێک ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام لێژنەیەک بە ناوی ڕیشەکێشکردنی حیزبی بەعس بە سەرۆکایەتی ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆچکردووی حیزبی کۆنگرەی نیشتمانی عێراق پێکهینرا و سەرجەم ئەندامان و بەسراوەکانی ئەم حیزبەی لە فەرمانگە و دامەزراوە حیزبییەکان و ئەوانەش کە تەنانەت دۆسیەی دادگاشیان لە سەر نەکرابووە، خانەنشین کرد. ئەم لێژنەیە پاشان بە هۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ناڕەزایەتییەکان لە سەر ئیش و کارەکانی، بۆ لێژنەی لێپرسینەوە و دادپەروەری گۆڕا.
موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر وەک سەرکردەیەک کە ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام باوک و دوو براکەیی لە ساڵی 1999 شەهید کردووە، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە دەرکەوتنی دووبارەی کچەکەی سەدامی دیکتاتۆر لە میدیاکانی سعوودیە، داوای کردووە کە لێژنەی ڕیشەکێشکردنی حیزبی بەعس دیسانەوە چالاک بکرێتەوە.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقیش کە بڕیاری دادگای ئەم وڵاتەی بۆ لەسێدارەدانی سەدام لە ساڵی 2006 جێبەجێکرد، ڕایگەیاندووە کە دەبێت بە هەموو هێزێکەوە ڕوبەڕوی ئەوانە ببینەوە کە هەوڵی گەڕانەوەی حیزبی بەعس دەدەن.
ڕەغد لە حیزبی بەعس بووەتە جێگرەوەی عێزەت دەوری:
چاوپێکەوتنەکەی کەناڵی عەرەبیەی سعوودیە لە گەڵ پاشماوەی دیکتاتۆرە خوێنمژەکەی عێراق پیشان دەدات کە حیزبی بەعس هێشتا کۆتایی نەهاتووە و وەک چۆن کە لە قسەکانی ڕەغدیشدا هاتووە، هەوڵی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی عێراق دەدات.
لە لایەکی دیکەوە بە بۆچوونی شارەزایان، ئەم چاوپێکەوتنە پیشان دەدات کە حکومەتی سعوودیە یەکێکە لە لایەنگرانی جیدیی ئەم حیزبە تاوانبارە و هەوڵ دەدات ڕواڵەتی تاوانبارانەی بەعس لە بەرچاوی عێراقییەکان بگۆڕێت.
حیزبی بەعسی عێراق کە لە ماوەی ساڵانی پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام بە ناوی عێزەت دەوری دەناسرا، بە ڕاگەیاندنی فەرمی مردنی ناوبراو لە ئۆکتۆبەری 2020، هەرچەندە نافەرمی بەڵام ڕەغدی وەک سەرکردەی نوێی خۆی ناساندووە.
بە تێڕوانینی سعوودییەکان، ڕەغد کەسێکی گەنجە و دەتوانێت بەشێک لە کۆمەڵگای عێراقی بە تایبەت ئەو گەنجانەی کە بەشداری خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوویان کردووە، بەرەو خۆی ڕابکێشێت.
ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی یاسایی عادل عەبدولمەهدی و هاتنەسەرکاری حکومەتی دەستنیشانکراوی مستەفا کازمی، بە زۆرینە لەو گەنجانەی پێک دەهات کە سەرکردە سیاسییەکانی عێراقیان بە گەندەڵی و لاوازبوون لە بەڕێوەبردنی وڵات تۆمەتبار دەکرد.
سعوودییەکان بە پێی ئەوەی کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە عێراق ڕوویداوە، بە ناساندنی کەسێکی گەنجی وەک ڕەغد سەدام کە چەندین نەشتەرگەری جوانکاریی بە تایبەت لە ڕواڵەتیدا بۆ کرابوو، هەوڵ دەدەن وەک کەسێکی خوازراوی کۆمەڵگای گەنجی عێراق پناسێنن.
ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە کە سعوودییەکان ڕۆڵی گرنگیان لە گەمارۆی نێودەوڵەتی عێراق لە ساڵانی پاش 1990 هەبووە و هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەمریکییەکان بۆ ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام لە ساڵی 2003 بوون، بەڵام ئێستا بوونەتە لایەنگر و پەناگەی بەعسییەکان.
پەیامی سعوودییەکان بۆ بایدن و ئێران:
ژمارەیەک لە شارەزایان لە عێراق پێیان وایە کە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی ڕەغد زیاتر لەوەی کە هەڵگری پەیامێک بۆ ناوخۆی ئەم وڵاتە بێت، پەیامی هۆشداری سعوودییەکان بۆ ئیدارەی بایدنە.
سعوودییەکان بەم زنجیرە چاوپێکەوتنە هەوڵی ئەوەیان داوە کە بە حکومەتی بایدن ئەوە بڵێن کە ئەگەر هاوڕێی سیاسەتەکانی ڕیاز لە ناوچەکە نەبێت توانای ئەوەیان هەیە سەر لە نوێ شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دەست پێبکەن و ئەمریکییەکان وەک ساڵانی 2004 تا 2008 دیسانەوە بەم شەڕەوە سەرقاڵ بکەن.
لە ڕوانگەی ئەو شارەزایانەوە، بەشێک لەم پەیامەش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەو مانایە کە سعوودیە پێگەی لە عێراقدا هەیە کە هێشتا کەڵکی پێویستی لێ وەرنەگیراوە و تاران نابێت خۆی بە تاکە دەستڕۆیشتووی عێراق بزانێت.
لەم ڕووەشەوە، ڕیاز بە یاریکردن بە پاشماوەکەی بەعس هەوڵی ئەوەشی داوە کە چەندین وڵاتی وەک ئیمارات و ئۆردن بکاتە بەشێک لە سیاسەتەکانی سەبارەت بە عێراق.
کەناڵی عەرەبیە و زیاترکردنی ژمارەی بینەران:
ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدەن کە ژمارەی بینەرانی کەناڵی عەرەبیەی سعوودی دابەزینی زۆری پێوە بینراوە و ئەمەش پەیامێکی مەترسیدارە بۆ سعوودیە و ئەم میدیایەی.
دابەزینی ژمارەی بینەرانی کەناڵی عەرەبیە پیشاندەری ئەوەیە کە کاریگەری سیاسەتەکانی سعوودیە لە ناوچەکە کەمبووەتەوە و چاوپێکەوتنەکەی ڕەغد و چەندین بەرنامەی دیکە بۆ ئەوەیە کە ئەم زامەی سعوودییەکانی پێ ساڕێژ بکرێت.
کەناڵی عەرەبیە لە ساڵانی ڕابردوو هەر کات کە هەستی بە دابەزینی ژمارەی بینەرانی لە عێراق کردووە، پەنای بۆ کچی دیکتاتۆرەکە بردووە، هەر بۆیە ئەو چاوپێکەوتنەی کردووەتە زنجیرەیەک تا ژمارەی بینەرانی پێ بەرز بکاتەوە.
کوێت لە پشتەوەی پیلانەکەیە:
یەکێک لە گرنگترین تێڕوانین و بۆچوونەکان سەبارەت بەم چاوێکەوتنەی ڕەغد، ئەوەیە کە یەکێک لە شارەزایانی سیاسی عێراقی ڕایگەیاندووە کوێت ئامادەکاری پێویستی بۆ چاوپێکەوتنەکەی عەرەبیە و ڕەغد کردووە.
بە پێی ئەو بۆچوونەش، کوێت بۆ دوورکردنەوەی ڕای گشتی لە بابەتی زۆر گرنگی بەندەری فاو هەوڵیداوە کە پرسی گەڕانەوەی بەعسییەکان گەورە بکات و بتوانێت ڕای گشتی عێراق لە سەر پرۆژەی بەندەری فاوا بە لاڕێدا ببات.
چاوپێکەوتنەکەی ڕەغد لە وڵاتی کوێتیش ڕوبەڕوی ڕەخنەی جیدی بووەتەوە و عاید مناع مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کوێت کە کەسێکی نزیک لە سعوودییەکانە، بە توندی ڕەخنەی لە دەرکەوتنەی ڕەغد سەدام لە کەناڵی عەرەبیە گرتووە و می عیدان ڕۆژنامەنووسی کوێتیش ڕایگەیاندووە کە هێرشەکەی عێراق بۆ سەر کەوێت لە ساڵی 1990 داگیرکاری بووە و بە هیچ شێوازێک ڕواڵەتی بەعس بۆ ئێمە ناگۆڕدرێت.
پەیامە ناوخۆییەکانی عێراق:
یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی ئەو چاوپێکەوتنە بۆ ناوخۆی عێراق، پەیامێکی سیاسی هاوبەشی بەعسییەکان و سعوودییەکانە بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتە کە بڕیارە 10 ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوە بچێت.
بەم پێیەش سعوودیە دەیەوێت لایەنەکانی سوننە لە دەوری حیزبی بەعس کۆبکاتەوە و بە ڕای شارەزایان ئەمە مەترسیدارترین پەیامە کە دەتوانێت بەستێنی کاریگەری سعوودیە لە سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دابین بکات.
لەم هەلومەرجەدا کۆمەڵگای سوننەی عێراق هەست بە نیگەرانییەکی جیدی دەکات، لە بەر ئەوەی کە ئەو کۆمەڵگایە بووەتە شوێنی دەستێوەردانی کاراکتەرەکانی وەک سعوودیە، تورکیا، میسر، ئیمارات، ئۆردن، کوێت و قەتەر و مەترسی ئەوەش لە ئارادایە کە دیسانەوە ئەوان ببنە قوربانی ئەو سیاسەتانە، بە تایبەت ئەوەی کە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق لە پاش 2003 شوێنی سەرهەڵدانی توندووتیژییەکان و گرووپە تیرۆریستییەکان بوون.
هەر بۆیە چاوپێکەوتنەکەی کەناڵی عەرەبیەی سعوودیە لە گەڵ کچی دیکتاتۆری لەناوچووی عێراق کاردانەوەی زۆری هەبووە و ژمارەیەکی زۆر لەو بڕوایەدان کە دەرکەوتنەوەی ڕەغد لەم قۆناغەدا چەندین پەیامی لە گەڵ دەبێت کە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو پەیامانەش زیاتربوونی ئاڵۆزی و توندووتیژییەکانە لە عێراق./.