بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕوحوڵا لەتیفی ڕایگەیاند: بە مەبەستی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕدراو و لە سەر داوا و بڕیاری پارێزگا سنورییەکان، هاتووچۆی گەشتیاران لە خاڵە سنورییەکانی کێلەی سەردەشت، تەمەرچین (حاجی ئۆمەران)، چەزابە و شەلەمچە ڕاگیراوە و خاڵی سنوری مێهران لە پارێزگای ئیلامیش سبەی دادەخرێت.
ناوبراو وتی: ئەم بڕیارانە تەنیا هاتووچۆی گەشتیاران دەگرێتەوە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی ڕێکخراوی گومرۆکی ئێران وتی: پێشتریش بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تەنیا ئەو کەسانەی هاتووچۆی عێراق و بە پێچەوانەیان دەکرد کە موڵەتی تایبەتیان هەبووە، وەک کەسانی نەخۆش، خوێندکاران، بازرگانان و دیپلۆماتکاران کە لەم قۆناغەدا ئەوانیش ڕێگای هاتووچۆیان پێنادرێت.
وتیشی کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکان لە گەڵ عێراق بە پێی ڕێکارە تەندرووستییەکان بووە./.