بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ وتووێژ و ڕاوێژ لە گەڵ گەورە بەرپرسانی سعوودیە سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان گەیشتە ڕیاز.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەر بانگهێشتی فەرحان بن فەیسەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە بووە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەر دوو لا سەبارەت بە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەدواداچوون بۆ بڕیار و ڕاسپاردەکانی لێژنەی هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵات وتووێژ دەکەن.
ناوبراو وتی کە عێراق و سعوودیە سەبارەت بە زیاترکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە ڕاوێژ دەکەن.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ سعوودیە تەنیا یەک ڕۆژ لە پاش سەردانی عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتەیە کە بە یاوەری شاندێک سەردانی ڕیازی کردووە./.