بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە سەر زاری ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرقاڵی پلانێکە کە پاش ئامادەبوونی، وا دەکات پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا بکرێت و بڕیارە لە پاش بۆچوونەکانی وەزارەتی بەرگری ڕادەستی کۆشکی سپی بکرێت.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بە سەدان دیپلۆماتکار و ڕاوێژکاری سەربازی ئەمریکا بۆ باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا دەگەڕێنەوە کە پێشتر لە ماوەی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ بە هۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی عێراق و پەیوەندییەکان لە گەڵ تاران بۆ واشنتن گەڕابوونەوە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هێشتا ئامادەی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی خۆی لە بەسرە نییە کە لە ساڵی 2018 پاش هێرشێکی ڕۆکێتی داخراوە.
هەروەها بڕیارە ئەمریکا پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە کڕینی وزەی ئێران لە لایەن عێراقەوە بکات.
لە لایەکی دیکەوە نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەش زیاتر دەکات کە لە شەڕی دژ بە داعش زیانی زیاتریان بەرکەوتووە./.