بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی بی بی سی جارێکی دیکە هەڵوێستی ئیدارەی بایدنی سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دووبارە کردەوە و وتی کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی سەر ئێران لە لایەن ئیدارەی دوناڵد ترەمپەوە ئەنجامێکی نەبووە.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ئەورووپا سەبارەت بە پرسی ئێران یەک هەڵوێستیان هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی کە جۆبایدن بە ڕاشکاوانە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئێران بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش هەمان بڕیار دەدات.
بلینکەن وتی: لە ساڵانی ڕابردوو سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی دژ بە ئێران جێبەجێ کراوە کە ئەنجامێکی نەبووە، لە ڕاستیدا کێشەکە زیاتر بووە.
وتیشی کە ئەمریکا لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ وڵاتانی دیکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران سەبارەت بە پرسەکانی دیکەش وەک سیاسەتی ناوچەکە و پلانی مووشەکی ئەو وڵاتە هاوکاری دەکات./.