بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی قایمقامی بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ و ستراتیژی نوێی لە بەرامبەر چین، وتی: لەم ماوەیەدا وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا پاش تێپەڕکردنی قۆناغێک پەیوەندی سارد بە هۆی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپەوە، سەبارەت بە کردنەوەی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان وتووێژیان کرد. ئەوان هەوڵی جێبەجێکردنی چەند چاکسازییەک لە ڕێکخراوی ناتۆ تا ساڵی 2030 دەدەن و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵیش بە ئامادەبوونی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆببنەوە تا جارێکی دیکە بتوانن کەلێنەکانی نێوان وڵاتانی ناتۆ چارەسەر بکەن. یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ناتۆ، بەرزکردنەوەی هێز و کاریگەری بەرگری لە بەرامبەر سێ کێشەی وەک چین، ڕووسیا و تیرۆریزمە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەوەمان لەبیر ماوە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ ناوبراو داوایکرد کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەبێت لە سەدا 2 ی بودجەی خۆیان تایبەت بە بودجەی بەرگری بکەن و لە سەدا 20 ی ئەوەش بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکار بێنن کە ئەڵبەت چەند وڵاتێک ئەمەشیان جێبەجێ کرد. لەم کاتەدا ئەمریکا بە هاتنەسەرکاری بایدن هەوڵی بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناتۆ دەدات، ئەمەش لە دژی وڵاتانی چین و ڕووسیایە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەوان دەست پێدەکات.
قایمقامی وتی: ناتۆ لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە و ئەو ڕژێمە وەک یەکێک لە ئەندامانی سنتکۆم لە ژێر ستراتیژەکانی ئەمریکا چالاکی دەکات، ئەمەش پیشان دەدات کە هاوکێشەکان بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات. پرسی مەشق و ڕاهێنانی هێزە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەندام و ئەو وڵاتانەی کە هێزەکانی ناتۆیان تێدا جێگیر کراوە یەکێکی دیکە لە بابەتە گرنگەکانی ئەم ڕێکخراوە سەربازییە دەبێت. پرسی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا یەکێکی دیکە لە پرسە گرنگەکانی ئەم قۆناغەی ناتۆ دەبێت. سەبارەت بە ئەفغانستان و عێراق سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بڕیاری ئەوەیان داوە کە ژمارەی هێزەکانیان لەو وڵاتانەدا زیاتر بکەن یان هێزەکانیان بمێننەوە، ئەمەش پیشاندەری زیاتربوونی ڕۆڵ و چالاکییەکانی ناتۆیە لە ناوچەکە کە بەراورد بە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ جیاوازییەکی زۆری هەیە.
ئەم شارەزا نێودەوڵەتییە وتی: چین و ڕووسیا وەک ڕابردوو دوو هەڕەشەی سەر ناتۆ هەژمار دەکرێن کە جارێکی دیکە لە ستراتیژەکانی ناتۆ جەختی لە سەر کراوەتەوە. ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگای وڵاتانی بۆلگاریا، ڕۆمانیا، ستۆنی و لتۆنی لە دەریای ڕەش بوونی هەبێت کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر مۆسکۆ. ئاشکرایە کە لە سەردەمی بایدن ئەم ململانێیە لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ زیاتر دەبێت. پەیمانگە ئەمریکییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەمریکا دەبێت لە چوار بەرەدا چالاکتر ببێت: دانوستانی واشنتن و مۆسکۆ، ناسینەوەی چین وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی، کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتووێژی ئەمریکا، سعوودیە و تورکیا لە گەڵ ئێران.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەمانەش ئەو بابەتانەیە کە پیشان دەدەن زۆربەی هاوکێشەکان بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆن و ئەمریکا هەوڵ دەدات سەرەڕای ململانێکانی لە گەڵ ڕووسیا، کۆنتڕۆڵکردنی چین وەک ستراتیژێک جێبەجێ بکات، بێگومان ناتۆش لەم ڕێگایەدا لە گەڵ ئەمریکا دەبێت، وڵاتانی وەک ئۆسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشور هەوڵ دەدەن هەماهەنگی زیاتریان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چین لە گەڵ ئەمریکا هەبێت./.