بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکدا جەختی لە سەر کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن کردەوە، نێردەیەکی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کرد و ئەویش لە پەیوەندیی لە گەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی ئەنسارووڵا ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر کۆتایی هێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی سزاکان، پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران ڕابگرن و لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ناوچەکە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
بەرپرسانی بزوتنەوەی ئەنسارووڵای یەمەن ئەو داوایەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەستێوەردان لە کاروباری یەمەن هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ شەڕی دژ بە خەڵکی ئەم وڵاتە نییە و ئەم دەستێوەردانە ڕەتدەکەینەوە.
بەرپرسانی ئەنسارووڵای یەمەن بەرامبەر بە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەوەی کە یەمەن لە کام بەرەی ناوچەکە بێت، یان لە ئاستی نێودەوڵەتی چ سیاسەتێکی هەبێت، پرسێکی ناوخۆیی یەمەنە و هەر بڕیارێک لەم بوارەدا تەنیا لای خەڵکی یەمەنە و دەستێوەردانی دەرەکیش بە واتای پێشێلکردنی سەربەخۆیی و سەروەری ئەم وڵاتەیە.
بەرپرسانی ئەنسارووڵا هەروەها ئەوەیان بە نێردەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە کە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕ، بە بێ قبووڵکردنی مەرجی هیچ لایەنێک، ئامادەی هاوکارین لە گەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان./.