بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی سەبارەت بە دوایین دۆخی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سوریا وتی: سوریا وڵاتێکی وەبەرهێنەرە و بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی تا پێش دەستپێکردنی شەڕی سەپێندراوی ناوخۆیی، لە بواری پیشەسازی و وەبەرهێنان لە ئاستێکی باڵادا بووە و تەنانەت لە هەناردەشی بۆ عێراق لە ڕیزی ڕکابەرەکانی ئێراندا بووە.
ناوبراو وتی: سوریا بۆ پاڵپشتی لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی یاسای زۆر قورسی هەیە و بە ئاسانی موڵەتی هاوردەی ئەو کاڵایانە نادرێت کە هاوشێوەکەی لە ناوخۆدا بەرهەم دێت.
کاشفی وتی: سوریا وەبەرهێنەری چیمەنتۆیە و یاساکانی ئەو وڵاتە موڵەتی هاوردەکردنی نادات، هەروەها هەناردەکارانی ئێمە ناتوانن شیش یان ئاسن بۆ ئەو وڵاتە هەناردە بکەن بەڵام لە بەرامبەردا دەتوانن مادەی سەرەتایی پێویست بۆ کارگەکانی پترۆکیمیا یان ئاسن هەناردەی سوریا بکەن.
وتیشی: دەبێت بۆ سوریا بزانین ئەو وڵاتە پێویستی بە چی هەیە، لە بەر ئەوەی کە بە پێی یاسا موڵەتی هاوردەکردنی هەموو شتێک بە بازرگانانی سوری نادرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران – سوریا وتی: کەرەستە و پێداویستی بیناسازی، کاشی، دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە ڕیزی کاڵا هەناردەکراوەکانی ئێران بۆ سوریان.
کەیوان کاشفی وتی: هەناردەی بەرهەمەکانی کشتووکاڵیش بۆ سوریا قازانجی زۆری هەیە بەڵام بە هۆی درێژبوونی کاتی گەیشتنی ئەو بەرهەمانە بۆ سوریا لە ڕێگای سنورە وشکانییەکانەوە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووین کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرین.
ناوبراو وتی: ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و سوریا ساڵانە دەگاتە 170 تا 180 ملیۆن دۆلار./.