بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستدا هاتووە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئەمنی نزیک بووەتەوە کە پیشان دەدات محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە ساڵی 2018 فەرمای تیرۆری جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری دەرکردووە.
ڕاپۆرتەکەی ئەمریکا کۆکراوەی بەشێک لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانە سەبارەت بە تیرۆری ئەو ڕۆژنامەنووسە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە.
ئەو ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیە بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری فرۆشتنی چەک و ڕەخنەکان لە دەسەڵاتی ڕیاز لە بواری مافی مرۆڤ لە هەفتەکانی ڕابردوو گەیشتووەتە نزمترین ئاست و واشنتن ئەوەی ڕاگەیاندووە کە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەو وڵاتەدا دەکات.
ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاندووە کە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن گوشارەکانی دەخاتە سەر سعوودیە و موڵەتی ئەوەش نادات کە ڕیاز لە دۆسیەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دەستێوەردانی هەبێت./.