بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی: دەبێت لە بەرامبەر چین، ڕووسیا، تیرۆریزم و دۆخی ئەفغانستان یەکگرتوو بین.
ناوبراو وتی: پێویستە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی سەربازی ناتۆ پابەندی پشکی بودجەی ئەو ڕێکخراوە بن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا لە سەر دۆخی ئەفغانستان وتی کە دەبێت ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە کەم بکرێتەوە و داواشمان لە سەرجەم لایەنەکان کردووە ڕێگای ئاشتی بگرنەبەر.
وتیشی کە هیچ بڕیارێک سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەرنەکراوە.
ئۆستن وتی کە ئەمریکا هیچ کات موڵەتی ئەوە نادات ئەفغانستان ببێتە پەناگەی تیرۆریستان.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا دژی هەنگاوەکانی چین بۆ لاوازکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی دەوەستێتەوە.
لۆید ئۆستن ڕاشیگەیاند کە بەرفراوانکردنی ئەرکەکانی ناتۆ لە عێراق لە سەر پێشنیاری ئەمریکا بووە./.