بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی وتی: کاتێک کابینەی دوانزەیەمی حکومەت دەستیپێکرد بەردەوامی هەمان پلانی کابینەی پێشووی خۆم وەک ستراتیژێک دیاریکرا، قەد بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە سەرۆک کۆمارێکی وەها لە ئەمریکا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت کە شەڕێکی کەم وێنەی ئابوری لە دژی گەلی ئێران بەڕێوە ببات، ئەو وا بیری دەکردەوە کە لە ڕێگای گوشارە ئابوری و سیاسییەکانەوە دەتوانێت بە ئامانجە هەڵەکانی لە بەرامبەر گەل و حکومەتی ئێران بگات.
ڕۆحانی وتی: ئێستا گەل و حکومەتی ئەمریکا بەوە گەیشتووە کە ترەمپ هەڵەی کردووە، ئێمە هیوادارین ئەم هەڵانە بە خێرایی چارەسەر بکرێت و حکومەتی واشنتن پابەندی یاسا و بڕیاری 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە باس دەکرێت هەندێک هەنگاوی ئێمە لە دۆسیەی ناوەکی بۆ ئەوەیە کە گوشار لە سەر ئەمریکا دابنرێت، ئەمە قسەیەکی هەڵەیە، ئێمە ناتوانین بە ئەمریکا بڵێین کە بە گوشاری ئێمە پابەندی یاسا بێت، ڕێزگرتن لە ڕێکەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ڕیزی ئەرکە مرۆڤی و سیاسییەکانی هەر حکومەتێکە.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی کە دوژمن هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ کە هەناردەی نەوتی ئێمە ڕابگرێت بەڵام ئێمە وڵاتمان بە بێ نەوت بەڕێوە بردووە و بودجەش بە بێ داهاتی نەوت ئامادە کراوە./.