بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح لە چاوپێکەوتنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پرسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنی لە چوارچێوەی وتووێژی ستراتیژی تا گەیشتن بە قۆناغی هاوبەشی ستراتیژی لە بوارە جیاجیاکان لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە تاوتوێ کرد.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراقدا هاتووە کە بەرهەم ساڵح لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی لە سەر بەردەوامی هەماهەنگی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو هەوڵانەش دەبێت بە پێی ڕەچاوکردنی سەروەری و دەسەڵاتی نیشتمانیی عێراق بێت.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە سەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە عێراق نابێت ببیتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان./.