بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەزیز شەریف میاحی وتی: بوونی هەر هێزێکی دەرەکی لە عێراق بە تایبەت هێزەکانی ڕێکخراوی سەربازیی ناتۆ بە واتای داگیرکارییەکی نوێ دەبێت، وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا دۆخی عێراق سەقامگیرە و پێویستی بە هیچ هێزێکی دەرەکی نییە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە بوونی هەر هێزێکی بێگانە بە پێچەوانەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقە، وتی: پرسی پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بابەتێکی سادە نییە کە بە ئاسانی چاوپۆشی لێبکرێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتی: پەرلەمان دەنگی لە سەر کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی بێگانە داوە و تەنیا ڕێگای ڕزگاربوونی عێراقیش کشانەوە و نەمانی ئەو هێزانەیە./.