بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئاژانسی بلۆمبێرگ، جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا پلانی پێداچوونەوەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ سعوودیە هەیە کە پێشتر وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی واشنتن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرا.
جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند کە واشنتن دەیەوێت پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕیاز بکات.
ناوبراو وتی: بەشێک لەم سیاسەتە گەڕانەوە بۆ هاوتاکانە و هاوتاکەی جۆبایدن لە سعوودیە شا سەلمانە و پەیوەندی بە ناوبراوەوە دەکرێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی، باشترین هاوتای محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکایە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بن سەلمان جێنشینی سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگرییە و لە ساڵی 2015 تا ئێستا دەسەڵاتێکی زۆری لە سعوودیە بە دەستەوە گرتووە.
بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە بەیاننامەکەی کۆشکی سپی ئاماژەیەکی ڕوونە لە چۆنیەتی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە. ترەمپ سعوودیەی کردە گەورەترین هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکە و یەکەم سەردانیشی وەک سەرۆک کۆمار بۆ ئەو وڵاتە بووە بەڵام ئێستا پەیوەندییەکان کاڵ بووەتەوە، بایدن لە ڕۆژانی سەرەتایی دەستبەکاربوونی، فرۆشتنی چەکی بە سعوودیە ڕاگرتووە و ڕایگەیاندووە کە واشنتن هەوڵی ڕاگرتنی شەڕی یەمەن دەدات، بایدن هەروەها داوای لە سعوودیە کردووە کە هەوڵی باشترکردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ بدات.
بە وتەی ئارۆن دەیڤید میلەر یەکێک لە ئەندامانی باڵای پەیمانگەی کارنگی و یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم سیاسەتەی واشنتن لە بەرامبەر سعوودیە گەڕانەوەیە بۆ ڕێڕەوی هەمیشەیی و ئاسایی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات.
جێنشینی سعوودیە لە پاش تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگر، لە لایەن زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکاوە پشتگوێ خراوە.
بەڵام ترەمپ و جراد کۆشنەری زاوای، پاش ئەو تاوانە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ بن سەلمان بەهێزتر کرد و هیچ کات بە بۆنەی ئەم تاوانەوە ڕەخنەیان لە ناوبراو نەگرت. ترەمپ وەک پاڵپشتییەک بۆ پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕیاز وتی کە ئەگەر پەیوەندییەکان تووشی گۆڕانکاری بێت بە ملیارەها دۆلار سوودی کۆمپانیاکانی چەک و پێداویستی سەربازی دەچێتە خەزێنەی ڕووسیا و چین.
بەرپرسێکی هەواڵگریش لە ئیدارەی بایدن ڕایگەیاندووە کە واشنتن ڕاپۆرتەکەی کوژرانی خاشقچی بڵاو دەکاتەوە. ئەو ڕاپۆرتەش دەبێتە هۆی شەرمەزاربوونی جێنشینی سعوودیە و زیاتر لە ئێستا کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی لە گەڵ واشنتن دادەنێت./.