بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ئانا ی ئێرانی وتووێژێکی لە گەڵ نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کردووە کە وەرگێڕانی چەند بەشێکی گرنگی لە درێژەدا هاتووە:
موڵەتی ئەوە نادەین هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە لە سەر ئێران
نازم دەباغ وتی: بوونی ئەمریکییەکان بابەتێکی نوێ نییە و ئەوان ساڵانێکە لە عێراقدان، بە تایبەت پاش ئەوەی کە جوگرافیای هەرێمی کوردستان لە پاش ڕیفراندۆم بە پێی دەستوور بەشێکە لە عێراق و بڕیارەکانی بەندە بە بڕیاری حکومەتی ناوەندی عێراقەوە.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەم هۆیەوە بوونی ئەوان لای حکومەتی هەولێرەوە قبووڵکراوە، بەدەر لەمەش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی لە بوونی ئێرانییەکان لە هەولێر کردووە. خاڵێک کە لێرەدا هەیە ئەوەیە کە هەولێر هیچ کات موڵەتی ئەوە نادات خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و هێرش و ئاڵۆزی لە دژی دراوسێکان بە تایبەت ئێران.
بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی بەغدا دەکەین
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەولێر بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی: هەرێمی کوردستان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چاوەڕوانی هەڵوێست و بڕیاری فەرمی حکومەتی بەغدا دەکات.
نازم دەباغ وتی: عێراق بە گشتی پێویستی بە هاوکاری هاوپەیمانان بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە دژ بە هەڕەشەکانی وەک گرووپی تیرۆریستی داعش هاوکارییان کردووە.
ناوبراو وتی: هەولێر لە چوارچێوەی ڕێکەوتنەکان لە گەڵ بەغدا هاوکاری دەکات و حکومەتی ناوەند بە پێی دەستوور پێویستە پابەندی مافی هەرێمی کوردستان بێت بەڵام تا ئێستا پاڵپشتی پێویست لە کوردەکان نەکراوە./.