بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە لە شرۆڤەی هۆکارەکانی نەبوونی پەیوەندی لە نێوان سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و بەرپرسانی سعوودیە، وتی: بە پێی ناکۆکی جیدی لە نێوان ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن لە گەڵ بنیامین نتانیاهۆ، پێدەچێت کە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەوڵی لادانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە لوتکەی دەسەڵات دەدات. ئەمەش بۆ جێنشینی سعوودیە بە هەمان شێوە هەیە، لە بەر ئەوەی کە بایدن لە کاتی دەستبەکاربوونی نەک تەنیا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڵکوو لە گەڵ بەرپرسانی سعوودیەش هیچ پەیوەندییەکی تەلەفوونیی نەبووە و ئەمەش بووەتە کێشەیەکی جیدی بۆ تەل ئەبیب و ڕیاز. هۆکاری ئەمەش تێڕوانینی نەرێنی کۆشکی سپییە بەرامبەر بە کابینەی نتانیاهۆ و هەروەها دەسەڵاتدارانی سعوودیە و بە بۆچوونی من دەیەوێت کە نتانیاهۆ و بن سەلمان لە دەسەڵات بێنێتە خوارەوە و ئەمەش بووەتە یەکێک لە بەرنامەکانی بایدن لەم خولەی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، بایدن دەزانێت کە ئەگەری دوورخستنەوەی ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زۆرە، لە بەر ئەوەی کە پارتی لیکود لە 120 کورسی پەرلەمان ڕەنگە تەنیا 36 کورسی بە دەست بێنێت کە دەگاتە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی. لە لایەکی دیکەوە جێنشینی سعوودیە لەوە تێگەیشتووە کە ئیدارەی بایدن وەک ئیدارەی ترەمپ ویستی هاوکاریی لە گەڵ ڕیاز نییە. بەم هۆیەوە بن سەلمان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی دەدات و تەنانەت لەم ڕۆژانەدا چەند بەندکراوێکی سیاسیی ئازاد کردووە کە بۆ پیشاندانی گۆڕانکارییەکانە بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا و بۆ ئەوەیە پەیامێکی ئەرێنی ئاراستەی واشنتن بکات.
ئەم شارەزایەی کاروباری ناوچەکە لە درێژەدا وتی: سیاسەتی پەرەپێدانی شارۆچکەکان لە فەڵەستینی داگیرکراو پەسەندکراوی بایدن و ئیدارەکەی نییە و ئەوان لەو بڕوایەدان کە بەردەوامی ئەم سیاسەتە ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات بەڵکوو نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر دەکات و دەبێتە بەربەستێکی جیدی لە بەردەم دۆسیەی فەڵەستین. ئیدارەی نوێی ئەمریکا پێی وایە کە نتانیاهۆ بە باشترین شێواز کەڵکی لە چوار ساڵ سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ گرتووە و ئەوان لە ئێستادا هەوڵ دەدەن تا ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لە سەر سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ چارەسەر بکەن.
هانیزادە لە کۆتاییدا وتی: دیمۆکراتەکان بە ناچار دەبێت نتانیاهۆ لە لوتکەی دەسەڵاتی ڕژێمی زایۆنیستی بێننە خوارەوە. ئەوەی کە بەرپرسانی تەل ئەبیب بەردەوام دەڵێن کە بایدن پەیوەندیی بە نتانیاهۆوە نەکردوووە پیشان دەدات کە ئەوان نیگەرانی بیرکردنەوەکانی سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکان. نەک تەنیا نتانیاهۆ بەڵکوو بن سەلمانیش وەک ڕابردوو پاڵپشتێکی هاوشێوەی ترەمپی نییە. ئەگەرچی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە هۆکاری پەیوەندینەکردنەکە بە ئەنقەست نییە بەڵکوو لەم نێوەندەدا ناکۆکی جیدی هەیە کە ڕێگری لەو پەیوەندییە دەکات. تەنانەت باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا ژمارەی نتانیاهۆی بڵاو کردەوە و داوای ئەوەی کردبوو کە بایدن پەیوەندی بە نتانیاهۆوە بکات./.