بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی سپۆتنیکی عەرەبیی ڕاگەیاندووە کە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا چەند کۆبوونەوەیەکیان لە گەڵ سەرکردەکانی داعش لە سوریا هەبووە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە زانیارییەکان ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵ لە ناوچەی تەنف کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکادایە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها لە وڵاتانی دراوسێی سوریا، چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەری دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتانە و چەند وڵاتێکی ناوچەکە و سەرکردەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بەڕێوەچووە.
ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش ئەوە بووە کە بە پاڵپشتی دارایی و سەربازی لە داعش هێرشەکان بۆ سەر سوپا و ناوچە جیاجیاکانی سوریا زیاتر بکرێت.
بە وتەی سەرچاوەکە، ئەو تیرۆریستانەی کە لە عێراقەوە چوونەتە سوریا و هەروەها ئەوانەی کە لە گرتووخانەکانی هەسەدە ئازاد کراون، لای ئەمریکییەکان مەشق و ڕاهێنایان پێدەکرێت تا لە هێرشەکانی داهاتوودا کەڵک لەوان وەربگیردرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە شانە نوستووەکانی داعش لە باشور و باشوری ڕۆژئاوای سوریا و هەروەها لە شارە گەروەکانی ناوەڕاستی ئەم وڵاتە چالاک دەکرێن.
سپۆتنیک ڕایگەیاندووە کە جموجوڵەکانی داعش لە سوریا ئامانجێکی دیکەی هەیە و ئەویش گوشاری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە لە سەر ڕووسیا./.