بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عامری وتی کە تورکیا پلانی هێرشکردنە سەر باکوری عێراقی هەیە.
ناوبراو وتی کە بە پێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، سوپای تورکیا ویستی ئەوەی هەیە هێرش بکاتە سەر شەنگال.
عامری ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا لە عێراق گرت و وتی: تورکیا دەبێت واز لەم کردەوە دوژمنکارانەی خۆی بێنێت، ئەو کردەوانەی کە خزمەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەنکەرە و بەغدا ناکات و کاریگەری نەرێنی لە سەریشی دادەنێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وتی: ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە تورکیا هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە نەک ئەوەی کە داگیرکارییەکەی بەرفراوانتر بکات.
ناوبراو داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کرد کە بە هەر شێوازێک ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بکەن.
سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر وتی: حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق توانای بەرگرییان لە خاکی وڵاتی خۆیان هەیە./.