بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولخالەق عەزاوی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق وتی: سوریا لە ئێستادا بووەتە مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش کە لە گەڵ خێزانەکانیان زیاتر لە دەیان هەزار کەس دەبن، ئەوان وەک بۆبمێکی ئامادەکراون کە بەردەوام مەترسی لە سەر وڵاتانی ناوچەکە دادەنێن.
ناوبراو وتی: بەم مەترسییە گەورەوە لە نزیک سنورەکانی عێراق، ئەم وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بە سەقامگیری بگات.
عەزاوی وتی: مانەوەی ئەو تیرۆریستانە لە هەندێک ناوچە پیشاندەری ئەوەیە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان پاڵپشتی لە تیرۆریستانی داعش دەکەن.
ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە زیاترین زیانی لە داعش بەرکەوتووە و هاتنی تیرۆریستان لە سوریاوە بووەتە کێشەیەکی گەورەی ئەمنی بەردەم حکومەتی عێراق.
عەبدولخالەق عەزاوی وتی: دەبێت ڕێوشوێنی ئەمنی توند بۆ پاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی عێراق و سوریا بگیرێتەبەر.
کەمپی هول کە لە پارێزگای حەسەکەی باکوری سوریایە، بووەتە شوێنی مانەوەی خێزان و کەسانی نزیک لە تیرۆریستانی داعش و بە گەورەترین کەمپی داعشەکان هەژمار دەکرێت کە لە لایەن هێزەکانی هەسەدەوە بەڕێوە دەبرێت.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو ئازادکردنی ژمارەیەک لە تیرۆریستانی داعش لەو کەمپە کە ئەنجامی سیاسەتی ئەمریکا بووە، بووەتە بابەتێکی گرنگی میدیاکانی جیهان./.