شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەو بڕوایەدان کە لێدوانەکانی بایدن هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوودا بینراوە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەرچی هەڵوێستی بایدن سەبارەت بە هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر یەمەن، بوونی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان و پرسی فەڵەستین هێشتا لە ئاستی قسە و لێدواندا ماوەتەوە بەڵام پیشاندەری ئەوەیە کە واشنتن ویستی قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانی سەردەمی ترەمپی هەیە.
بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لێدوانەکانی جۆبایدن سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران پیشاندەری قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا و قەرەبووکردنەوەی هەڵەکەی ترەمپە لە کشانەوەی تاکلایانەی ئەمریکا لەو ڕێکەوتنە و ئەوەش دەردەخات کە واشنتن ناچێتە شەڕێکی دیکەوە و ویستی ئەوەی هەیە کێشە و گرفتەکانی ئەمریکای ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و کیشوەری ئەورووپا چارەسەر بکات.
بەڵام ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی پێشووش ڕایانگەیاندووە کە بڕیارەکەی بایدن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان تەنیا مانۆڕێکی سیاسییە و لە ئاستی قسەدا دەمێنێتەوە و قەد نابێتە کردار.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ترەمپ درووشمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دابوو بەڵام تەنیا ژمارەی ئەو هێزانەی لە وڵاتانی ئەفغانستان و عێراق کەمکردەوە و بایدنیش هەروایە و وەک ترەمپ ستراتیژێکی دیاریکراوی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی جیهان نییە.
بە وتەی ئەو دیپلۆماتکارانە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم نەبوونی ستراتیژییە، ئەوەیە کە بایدن ئەمڕۆ لە هەڵسووکەوتی چین نیگەرانە و پەکین بووەتە هێزێکی گەورەی سەربازی و ئابوری لە جیهان و ئەگەری زیاتربوونی ململانێکان و تەنانەت شەڕی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمریکا لە هەر دوو بواری سەربازی و ئابوریدا لە ئارادایە.
ئەو دیپلۆماتکارانە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا وەک سەردەمی باراک ئۆبامایە و تەنیا گۆڕانکارییەک لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ئەو سەردەمەدا دەکرێت.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ سیاسەتی برسیکردن و هەژاریی لە دژی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جێبەجێ دەکرد بەڵام ئەمڕۆ بایدن هەوڵ دەدات لە جێی ئەو سیاسەتە، لە ڕێکاری هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی دوژمنەکانی کەڵک وەربگرێت./.