بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی وتی: ئاشکرایە کە واشنتن پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە بەرامبەر سعوودیە دەکات و تا ئەوەی من ئاگادار بم بەرنامەیەک بۆ پەیوەندی نێوان جۆبایدن و محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە نییە.
سعوودیە لە ڕۆژانی ڕابردوو لەجین هەزلول چالاکوانی مافی ژنانی لە پاش سێ ساڵ زیندانیکردن ئازاد کرد.
ئەمریکا وێڕای پێشوازی لەم بڕیارەی سعوودیە ڕایگەیاند کە زیندانیکردنی هەزلول لە سەرەتادا بڕیارێکی هەڵەی ڕیاز بووە.
جۆبایدن لە میانەی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سعوودیە بە تایبەت لە شەڕی یەمەن گرت و جەختی لەوەش کردبووە کە واشنتن گۆڕانکاری بە سیاسەتەکانی لە بەرامبەر دەسەڵاتی ڕیاز دەکات./.