بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عۆدەی شەعلان ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە سەردانەکەی ئایەتووڵا ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ بەغدا ئەنجامی گرنگی لێکەوتووەتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەو سەردانە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو ئەوانەی کە هەوڵی ناکۆکی لە نێوان ئێران و عێراق دەدەن.
شەعلان بە ئاماژە بە پەیوەندی بەهێزی نێوان ئێران و عێراق بە تایبەت لە بواری ئابوری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، وتی: بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای دادی ئێران وەک ئەو وڵاتە کرا کە لە شەڕی دژ بە تیرۆر تا سەرکەوتنی کۆتایی لە گەڵ عێراق بووە.
هەروەها موختار موسەوی ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش وتی: سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ عێراق لە چوارچێوەی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بەغدا بووە بە تایبەت لە گەڵ ئێران کە هەڵوێستی گرنگ و جێی دەستخۆشیی لە پاڵپشتی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر هەبووە.
ناوبراو وتی کە لە گەڵ ئێران پەیوەندییەکی بەهێزمان لە سەرجەم بوارەکاندا هەیە.
موسەوی وتی کە سەردانەکەی ئایەتووڵا ڕەئیسی ڕەهەندی جیا و گرنگی هەبووە و بە تایبەت لە نێوان دەزگای دادی هەر دوو وڵات پەیوەندییەکان بەرەو پێشتر دەبات.
ئەندامەکەی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە سەردانەکەی ئایەتووڵا ڕەئیسی بۆ بەغدا بە تەواوی ئەرێنی و سەرکەوتوو بووە./.