بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی فەرمی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە سەردانێکی کاریدا بۆ ئیمارات لە گەڵ محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی کۆبووەتەوە.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێویستی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق و ئیماراتیان تاوتوێ کردووە.
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی بەرهەم ساڵح و محەممەد بن زاید بووە و هەر دوو لا جەختیان لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە./.