بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و نێردەی تایبەتی مەسعود بارزانی لە شوێنی مانەوەی ئایەتووڵا ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە بەغدا لە گەڵ ناوبراو کۆبووە.
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لەو کۆبوونەوەدا پەیوەندییەکانی کورد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پەیوەندییەکی پتەو و بە پێی مێژوو و کەلتورێکی هاوبەش ناو برد و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام خوازیاری ئەوەیە کە گەلی کوردستان لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین و ئەو ڕۆژانەی کە هەڕەشەی داعشەکان لە سەر هەرێمی کوردستان بوو، ئێرانییەکان هەستیان بەوە دەکرد کە خاک و نیشتمانی خۆیان هەڕەشەی لە سەرە.
ئایەتووڵا ڕەئیسی وتی: لەو ڕۆژانەدا شەهید قاسم سولێمانی وەک کەسێک بوو کە بڵێی تاران و مەشهەد و کرمان هەڕەشەی لە سەر بێت و بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ بەرگری لە کوردستان و خەڵکەکەی چووە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش.
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران ڕایگەیاند کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەردەوام جێی گرنگی کۆماری ئیسلامی بووە و ئەمریکاش بە تێکدەری ئەم ئاسایش و سەقامگیرییەی ناوچەکە دەزانین.
ئایەتووڵا ڕەئیسی وتی: ئێمە ئەمریکا نە بە خەمخۆری گەلی کورد، نە گەلی عێراق و ئێران و ناوچەکە دەزانین.
وتیشی: بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە تەنیا لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و بە فەرمی ئەمەشیان ڕاگەیاندووە و ناکرێت متمانە بەوان هەبێت.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە بە لای ئێمەوە گرنگە، یەکڕیزی سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە و هەر ناکۆکییەک لە نێوان ئەوان بیانووی ئامادەبوونی دوژمنان لە ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران وتی: ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئاسایش و سەقامگیری ئێمەیە و بەردەوام بەختەوەری لایەنە کوردییەکانمان دەوێت و بۆ ئەوان هیوای سەرکەوتن دەخوازین.
ئایەتووڵا ڕەئیسی دوو ئامۆژگاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی: هەندێک لە تاوانباران لە ئێرانەوە هەڵدێن و دەچنە هەرێمی کوردستان، ئەوان گەندەڵییان کردووە، داهاتی خەڵکیان بردووە و بۆ کوردستان هەڵهاتوون، ئێوە پەناتان بەوان نەداوە بەڵام هەوڵ دەدەن لە هەرێم پەنا بگرن کە پێویستە بەرپرسان موڵەتی ئەوە نەدەن کوردستان ببێتە پەناگەی ئەو تاوانبارانە.
دووەم ئامۆژگاری سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە کەلتوری دەوڵەمەندی کوردی و پاراستنی لە بەرامبەر کەلتوری بێگانە.
ئایەتووڵا ڕەئیسی وتی: کوردستان خاوەنی مێژوو، شارستانیەت و داب و نەریتی دەوڵەمەندە و نابێت موڵەتی ئەوە بدەن کەلتوری بێگانە بە سەر ئەم مێژوو و کەلتورە خۆماڵییە دەوڵەمەندەدا زاڵ بێت.
هۆشیار زێباری:
ئێران یەکەم وڵات بوو کە لە ڕاگرتنی هێرشەکانی داعش هاوکاری ئێمەی کرد
هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق و نێردەی تایبەتی مەسعود بارزانی لەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە مێژوو، کەلتور و خەباتی هاوبەشی ئێران و کوردان لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆریی سەدام و تیرۆریستانی دائش وتی کە ئێمە سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین سەبارەت بە نیگەرانیی لە سەر پرسە هاوبەشەکان.
ناوبراو وتی: من و باڵیۆزی ئێران لە عێراق شاهیدی زیندووی ئەوەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران و شەهید سولێمانی چۆن لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە و هیچ کات ئەوە لە بیر ناکەین.
زێباری وتی: ئێمە مرۆڤێکی بەوەفاین و بەڕێز بارزانیش لە یەکەم لێدوانی خۆیان ئەوەیان ڕوونکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم وڵات بووە کە لە ڕاگرتنی هێرشەکانی داعش هاوکاری ئێمەیان کردووە.
وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق وتی: عێراقی نوێ لە سەر دەستی ئێمە و برایانی شێعە بە هاوکاری هاوبەش بونیاد نراوەتەوە و لە ماوەی 17 ساڵ هاوکاری هاوبەش زۆربەی کێشەکانمان پێکەوە چارەسەر کردووە.
ناوبراو وتی: لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەست بە نزیکایەتی دەکەین و بەردەوام داوامان لەو وڵاتە کردووە کە لە پێناو ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت.
هۆشیار زێباری سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای ڕادەستکردنی تاوانبارانیش وتی کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەم بوارەدا هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بکات./.