بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی بە بۆنەی دەستپێکردنی چل و سێهەمین ساڵی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ڕووداوە مێژووییەکان و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، وتی: لە خولی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە چەندین جار دەسکەوت و سەرکەوتنی مەزنی گەلی ئێران لە بەرامبەر ئەو دیکتاتۆرە تۆمار کرا و ئەمەش ئەمریکای لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەراوێز خست، تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پاڵپشتییان لە سیاسەتەکانی دژ بە ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەدەکرد.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە شکستی ترەمپی دیکتاتۆری بەرهەم هێنا خودای گەورە بوو، بەڵام ڕۆڵی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە شکستی ئەو دیکتاتۆرە خۆسەپێنەدا کاریگەریی هەبوو.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا بە ئاماژە بە سەرکەوتنە ئابورییەکانی حکومەتەکەی وتی کە ئەو دەسکەوت و سەرکەوتنانە وایکرد کە ڕژێمی زایۆنیستی بووە هاندەری ئەمریکا بۆ سەپاندنی کەم وێنەترین سزا و گەمارۆکان بەڵام ئێران و ئێرانییەکان سەرکەوتووانەش تا شکستی ترەمپ خۆڕاگرییان کرد.
ڕۆحانی هەروەها وتی: شانازی بە دانوستانەوە دەکەم و بە پێویستی حکومەتێکی مۆدێڕنی دەزانم و لە سەردەمی پێغەمبەری ئازیزی ئیسلامیشەوە هەر دانوستان هەبووە.
وتیشی کە ئەگەر دانوستانێک بکرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت./.