بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە چاوپێکەوتنی نێوان بەرهەم ساڵح و سەید ئیبراهیم ڕەئیسی باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی عێراق و ئێران کرا کە چەندین خاڵی هاوبەشی کۆمەڵایەتی، ئائینی، جوگرافی و ڕۆشنبیری ئەوانی پێکەوە گرێداوە.
ڕاگەێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە هەر دوو لا لەو چاوپێکەوتنەدا جەخت لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت هەماهەنگی و هاوکاریکردنی یەکتر لە بواری دادوەری و یاسایی کراوەتەوە بە شێوازێک کە خزمەت بە گەلانی عێراق و ئێران بکات.
لە درێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە کە وڵاتانی ناوچەکە کەوتوونەتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و پێویستە بە هەوڵێکی هاوبەش چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.
هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق داوای چالاککردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان وڵاتەکەی و کۆماریئیسلامی ئێرانی کرد.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێرانیش سڵاو و ڕێزی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی گەیاندە گەل و حکومەتی عێراق و پاڵپشتی تارانی بۆ ئەم وڵاتە لە سەرجەم بوارەکاندا ڕاگەیاند./.