بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەمیل حوسێن زامن شارەزای یاسایی عێراقی سەبارەت بە سەردانەکەی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ بەغدا لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی وتووێژی کردووە کە دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ عێراق چییە؟ ئەم سەردانە چ کاریگەرییەکی لە سەر هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری داد دەبێت؟
شاندی ئێرانی لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکراوە، ئەمەش پیشاندەری گرنگی ئەم سەردانەیە. ئێران و عێراق دوو وڵاتی دراوسێن کە کۆمەڵە خاڵێکی هاوبەش ئەوانی پێکەوە بەستووەتەوە. بە دڵنیاییەوە کە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات پێویستی بە هەماهەنگی دەزگاکانی داد لە ئاستێکی باڵادا هەیە. ئەم سەردانە دەتوانێت مزگێنی بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییەکان بدات.
ئەو دۆسیانە چین کە ئێران و عێراق دەتوانن پێکەوە هاوکارییان هەبێت؟
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی هاوکاری نێوان ئێران و عێراق دەتوانێت سەبارەت بەو کەسانە بێت کە لە هەر دوو وڵات دەستبەسەر کراون، بەشێک لە بەندکراوانی هەر دوو وڵات بە هۆی سەردانی نایاسایی و هەندێک بابەتی وەک مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون. بوونی ئەم کێشانە دەتوانێت بابەتێکی ئاسایی لە نێوان هەر دوو وڵات بێت. هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات لە بەر ئەوەی کە بوونی ئەم کێشانە پەیوەندی بە پرسە کۆمەڵایەتی و مرۆڤی و یاساییەکانەوە هەیە.
بەدەر لەوەش هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی زانست لە بواری داد و سەردانە بەرامبەرەکان دەتوانێت ئەزموونەکانی هەر دوو وڵات بە هاوبەشی بەرفراوانتر بکات.
ئێران و عێراق چۆن دەتوانن قۆناغێکی نوێی هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەست پێبکەن؟
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراقدایە، ئەنجومەنی باڵای دادی عێراق ئەزموونێکی زۆری لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەیە و ئێستا بە هەزاران دۆسیەی تایبەتی لە بەردەمە کە دادگاکانی ئێرانیش پێشتر دۆسیەی وەهایان لە بەردەم بووە. لە عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جێبەجێ دەکرێت کە یاسایەکی ناسراوە و ڕوبەڕوی هەوڵ و ڕوداوە تیرۆریستییەکان دەبێتەوە.
هەر بۆیە گرنگە کە دەزگای دادی ئێران و عێراق لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی زیاتری تیرۆر پێکەوە هاوکاری بکەن.
ئەم سەردانە چۆن دەتوانێت بڕیارەکەی دادگای عێراق بۆ دەستبەسەرکردنی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە هۆی دەرکردنی فەرمانی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان جێبەجێ بکات؟
دەزگای دادی عێراق لە بڕیارێکی بوێرانەدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی ترەمپی دەرکرد، ناوبراو تۆمەتبارە بە تاوانە تیرۆریستییەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا کە بە پێشێلکردنی دەسەڵات و سەروەری عێراق هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە بڕیارەکە بە بڕیارێکی درووست هەژمار دەکرێت و بە پاڵپشتی ئێران تا ڕۆژێک لە سەر ئەم بڕیارە پێداگری بکات، ئەو تاوانبارانە مەترسی دەستبەسەرکردن ئازاریان دەدات./.