جام کوردی – لە ڕۆژانی دواییدا شاندێکی بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە لە سەردانەکەیان بۆ کرماشان لە گەڵ بەرپرسان و بازرگانانی ئەم پارێزگایە کۆبوونەوە هەروەها لەم سەردانەدا ئەندامانی ژووری بازرگانی هەڵەبجە لە پێناو گەشەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ کرماشان یادداشتێکی لێک تێگەیشتنیان لە گەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانی کرماشان واژۆ کرد.
پێشەوا ئەحمەد سەرۆکی ژووی بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە لە چاوپێکەتنێک لەگەڵ جام کوردی سەبارەت بەم سەفەر، وتی: ئێمە بەو سیفەتەی کە پارێزگای کرماشان یەکێکە لە پارێزگا سنوورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و سنوورێکی ١٩٠ کیلۆمەتریمان لەگەڵ کرماشان و سنووریێکی ١٢ کیلۆمەتریمان لەگەڵ پارێزگای کوردستان هەیە بە گرینگمان زانی بۆ توندتۆڵ کردنی پێوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوانمان سەردانی پارێزگای کرماشان و پارێزگاری کرماشان بکەین.
ڕاشیگەیاند: پێشتر ئێمە وەکوو ژووری بازرگانیی هەڵەبجە سەردانی ژووری بازرگانیی سنەمان کرد و لەوێ بڕیاربوو بچینە ژووری بازرگانی کرماشان، بەڵام ئەو کات نەگونجا و ئەمجارە بە پێویستمان زانی سەردانەکە ڕێک بخەین و سەردانی برایانی بەڕێزمان کرد لە ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشان.
ئاماژەی بەوەش دا: پێشتر سێ یادداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان بەڕێزان پارێزگاری کرماشان و پارێزگاری هەڵەبجەدا واژۆ کرابوو کە زۆربەی بەندەکانی ئەو لێکتێگەیشتننامە بریتی بوون لە کاری بازرگانی و ڕێکخستنی جووڵەی بازرگانی و بووژانەوەی ئابووری هەردوو پارێزگا و هەموو ئەو شارانەی کە هاوسنوورن پێکەوە. لە سەر ئەوە ئێمە بەرنامەڕێژییەک بکەین بۆ ئەوەی بتوانرێ ئەمە جێبەجێ بکرێت هەر بۆیە لەگەڵ ژووری بازرگانی کرماشاندا کۆبووینەوە، گفتوگۆیێکی چڕ و پڕ و تەفسیلیمان کرد لە سەر ئەو بابەتە و لێکتێگەیشتننامەیێکمان واژۆ کرد کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ئێمە بتوانین هەموو بەندەکانی ئەو سێ لێکتیێگەیشتننامەیە کە پێوەندی بە کاری بازرگانی و پیشەسازیی و ئابوورییەوە هەیە بە بەرنامەڕێژی و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ بکەین.
زیاتر وتی: کاری سەرەکیمان لەم سەردانەدا ئەوە بوو کە ئێمە ڕێکخستنی جووڵەی بازرگانی بکەین لەو دوو مەرزەی کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای کرماشاندا کە یەکیان مەرزی شوشمێ- یە کە سەر بە قایمقامییەتی پاوەیە و هەروەها مەرزی پشتە کە سەر بە قایمقامیەتی سەلاسی باوەجانی . هەروەها هەوڵێکی جدیی هەیە بۆ کردنەوەی مەرزێکی نوێی کە مەرزی سازان-ە کە گرینگییەکی زۆری بۆ هەردوو لا هەیە.
سەرۆکی ژووی بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە لە وەڵام بەو پرسیارە کە لە جێبەجێ کردنی لێکتێگەیشتننامەکان ئەرکی حکوومەتەکانی هەردوولا چییە، وتی: ئەوانە کە پێوەندیی بە ژوورە بازرگانییەکانەوە هەیە زیاتر پێوشوێنگرییە و ئەوەش کە پێوەندیی بە حکوومەتەوە هەیە ژووری بازرگانی ئێمە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوون و پێوشوێنگریی دەکەین و ژووری بازرگانیی کرماشان لە لایەن خۆی و بەڕێز پارێزگاری کرماشانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکن تا بتوانین یادداشتەکان جێبەجێ بکەین و هەوڵ بدەین ئەو گرفت و کێشانەی لەبەردەم جێبەجێ کردنی لێکتێگەیشتننامەکان و لەبەردەم گەشەسەندن و بووژانەوەی ئابووریی هەردوو پارێزگایە نەیانهێڵین.
پێشەوا ئەحمەد وتیشی: لە ئێستادا لە دوو مەرزی شوشمێ و پشتە بە شێوەی ڕۆژانە سەیارە هاتووچۆ دەکات کە ئەم یەکە لە شوشمێ ڕۆژانە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ سەیارەیە و لە مەرزی پشتەش ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ سەیارە هاتوچۆ دەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدرێت. لەسەدا ٨٠ی ئەو ماددانەی کە لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت لێرەشەوە هەر بە هەمان شێوازە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی زۆر هاوکاری ژوورە بازرگانییەکانە و بەدواداچوون بۆ پرس و کێشەکان دەکەن و هەروەها بەڕێزان ستافی ئیدارەی پارێزگای کرماشان هەموویان لەگەڵماندا بەدواداچوون بۆ بابەت و پرسەکان دەکەن. لەبەر ئەوەی کە ئێمە پێوەندییەکی هەمە لایەنەمان لەگەڵ پارێزگای کرماشان هەیە و پێوەندییەکان جوگرافی و مێژوویی و کەلتووری، ئایینی، خوێنی و کۆمەڵایەتییە و مەسیرمان بەیەکەوە بەستراوە، هەربۆیە دەبێ هاوکاری یەکتر بین بۆ ئەوەی بووژانەوەی ئابورری لە هەردوو پارێزگادا دروست بێت تا دانیشتووانی هەر دوو پارێزگای سوودمەند بن لێ و خۆشبەختانە هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم بەڕێزان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوکارێکی باشن بۆ ئەوەی بتوانین کارەکان جێبەجێ بکەین.
ناوبراو سەبارەت بە کردنەوەی پیشانگای تایبەتی کرماشان لە هەڵەبجە، وتی: یەکێک لە بڕگەکانی لێکتێگەیشتننامەکان لە نێوان دوو لایەن ئاسانکاری کردن بۆ کردنەوەی پیشانگای ساڵانە بۆ کاڵای بازرگانی کرماشان لە هەڵەبجەیە. دیارە کرماشان پارێزگایێکی گەورەیە یەکێک لەو حەوت پارێزگایەی کە مێترۆپۆڵن و دەسەڵاتێکی بەرفراوانیان هەیە و هەروەها خاوەنی زۆر کارگەی وەبەرهێنانە. بۆ یە هەوڵ دەدین ئەو پیشانگایە لە هەڵەبجە بکرێتەوە و ئەوان کاڵاکانیان نمایش بکەن و لە ڕێگەی ئێمەوە بتوانن ڕێککەوتننامە و پێوەندیی باشتر و پتەوتریان لەگەڵ بازرگان و خاوەن کاران و وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان و تەنانەت باشووری عێراق هەبێت بۆ ئەوەی کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە و جموجوڵی بازرگانی بەردەوام بێت.
کۆتایی/.