بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، 14 لایەنی فەڵەستینی ڕۆژی یەک شەممە نوێنەری خۆیان ناردە قاهیرە تا لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا بەشداری بکەن. ئایا دانوستانەکانی قاهیرە بڕیارە گیانێکی دیکە بە یەکڕیزی لایەنەکانی فەڵەستین و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان ببەخشێت؟
ئەو 14 لایەنە فەڵەستینییە بڕیارە بۆ ماوەی دوو یان سێ ڕۆژ لە قاهیرە بمێننەوە و سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بە تایبەت هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و وردەکارییەکانی کۆببنەوە. لەم نێوەندەدا ژمارەیەک لە شارەزایانی فەڵەستینی پێیان وایە کە دانوستانەکان بەرهەمی نابێت و ڕەنگە شکستیش بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش بێنێت یان پرۆسەکە دوا بخات، بەڵام هەندێکی دیکە لەوان دەڵێن لایەنەکانی فەڵەستین تێکڕا دەیانەوێت هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچێت.
مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە 22 ی گوڵانی 2021، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 31 ی تەمموزی 2021 و ئەنجومەنی نیشتمانی لە 31 ی ئابی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش حوسێن حەمایل وتەبێژی بزوتنەوەی فەتح وتی کە کۆبوونەوەکانی قاهیرە تەواوکەری دانوستانەکانی پێشوو دەبن.
ناوبراو وتی کە ژمارەیەک لە بەربەستەکان چارەسەر کراون و لە کۆبوونەوەکانی قاهیرە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکرێت و بزوتنەوەی فەتح بە باوشی کراوە پێی ناوەتە کۆبوونەوەکان و دانوستانەکان تەنیا پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان نین، بەڵکوو دەبێت هەوڵ بدرێت کۆتایی بە ناکۆکی نێوان لایەنەکانی فەڵەستین بهێندرێت و هاوکاری و هاوبەشی دەست پێبکات.
عومەر شەحادە لە سەرکردەکانی بەرەی گەل بۆ ئازادی فەڵەستینیش وتی کە ئەم گرووپە لە کۆبوونەوەکانی قاهیرە بەشداری دەکات و هەڵبژاردنەکانیش بە ئامرازی زیندووکردنەوەی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین دەزانێت.
ڕەمزی ڕەباح ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی دیمۆکراسیش ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە هیچ مەرجێکی ئەمریکا یان وڵاتانی ئەندام لە لێژنە چوارقۆڵییەکە قبووڵ ناکات.
پێشتریش یەحیا سنوار سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە جەختی لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی فەڵەستین بەدوور لە دەستێوەردانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و ڕایگەیاندبوو کە هۆشداری بە بەرپرسانی تەل ئەبیب دەدەین کە ئێمە لە بزوتنەوەی حەماس هیچ کات موڵەت و دەرفەتی ئەو دەستێوەردانە نادەین.
غەسان خەتیب شرۆڤەکاری سیاسی فەڵەستینی بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە هیوای بە کۆبوونەوەکانی قاهیرە هەیە، لە بەر ئەوەی کە لایەنە سەرەکییەکانی فەڵەستینی تێدا بەشدارن و لە لایەنی دیکەوە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە پێشوازیی لێکراوە.
دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی فەڵەستین بۆ ساڵانی 2005 و 2006 دەگەڕێتەوە کە بە سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس، لە لایەن بزوتنەوەی فەتح بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس بە فەرمی نەناسرا./.