بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سیما سادات لاری ڕایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تێپەڕبوونی کات و بە پێچەوانەی ڤایرۆسەکانی دیکە بەهێزتر دەبێت، هەر بۆیە داهاتوو ڕوون نییە و هیچ دەستەبەر ناکرێت کە ڤاکسێن لە سەدا سەد ڕێگری لەم ڤایرۆسە بکات.
ناوبراو وتی کە ڤاکسێنەکانی ناوخۆیی ئێران تا کۆتایی ساڵی داهاتوو ئامادە دەبن و ڤاکسێنی دامەزراوەی بەرەکەت چووەتە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەی مرۆڤی، هەروەها ڤاکسێنی کۆمپانیای ڕازی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچێتە قۆناغی تاقیکردنەوەی مرۆڤی.
لاری ڕایگەیاند کە ڤاکسێنی هاوبەشی ئێران و کوبا تا سێ هەفتەی داهاتوو دەگاتە تاران.
وتیشی کە تا ئێستا 20 هەزار دۆزی ڤاکسێنی کۆرۆنای ڕووسیا هاوردەی ئێران کراوە کە نزیکەی لە سەدا 92 کاریگەری هەبووە و هەر دوو هەفتە جارێک بەشێک لەو ڤاکسێنە بە پێی گرێبەستەکە دەگاتە ئێران.
وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ئێران وتی کە سەرەتا گرنگی بەو کەسانە دەدرێت کە فەرمانبەری ناوەندەکانی تەندرووستین و کوتانی ئەوان یەکەم قۆناغی بەکارهێنانی ئەم ڤاکسێنە دەبێت./.