بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بەخیتی ڕایگەیاند کە یەمەن و بزوتنەوەی ئەنساروڵا و حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیران و شەڕی ئەم وڵاتە ئامادەییان هەیە.
ناوبراو بە کەناڵی مەیادین ی لوبنانی ڕاگەیاند کە یەمەنییەکان ئامادەی دانوستانن بەڵام میکانیزمی دانوستانەکانی پێشوو هەڵە بووە.
ئەو بەرپرسەی یەمەن بە ئاماژە بە هەڵوێستی ئیدارەی جۆبایدن سەبارەت بە شەڕی یەمەن، وتی: ئەگەر ئەمریکا ڕاستگۆ بێت ئەو لێدوانەی بایدن بە واتای کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن دەبێت.
بەخیتی وتی: شەڕی یەمەن کاتێک بە کۆتایی دەگات کە هێرشە ئاسمانییەکان بە تەواوی ڕابگیرێن و هێزە بێگانەکان خاکی ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی سیاسی ئەنساروڵا وتی: ڕەنگە ئەمریکا تا ڕادەیەک پاڵپشتییەکانی خۆی لە هاوپەیمانی سعوودیە لە شەڕی یەمەندا کەم بکاتەوە.
وتیشی کە ئێمە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە ئیدارەی بایدن دەکەین نەک لێدوان و قسە./.