بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن نازم لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیان لە بوارەکانی رۆشنبیری، گەشتیاری ئائینی و پێکهێنانی لێژنەی هاوبەشی ڕۆشنبیری تاوتوێ کرد.
وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاری عێراق بە ئاماژە بە هەوڵەکانی حکومەتی بەغدا لە نۆژەنکردنەوەی تاقی کەسرا داوای هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەم بوارەدا کرد.
لەو کۆبوونەوەدا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە شاندێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی ئێرانی ئامادەی سەردانیکردنی عێراقن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای ئەو ئاسەوارە مێژووییە و داوایکرد کە ئامادەکارییەکانی ئەو سەردانەش لە زووترین کاتدا تەواو بکرێت.
هەروەها ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بە هەمان شێوە داوایکرد کە میکانیزمێک بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی تاقی کەسرا دیاری بکرێت.
لەو کۆبوونەوەدا هەر دوو لا جەختیان لە سەر پێکهێنانی لێژنەی هاوبەشی ڕۆشنبیری بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری ئێران و عێراق کردەوە./.