بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شەمخانی بە ئاماژە بە ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە وتی: پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری، بەشێکە لە سیاسەتی سەرەکی عێراق لە ئاستی دەرەوە.
ناوبراو وتی: عێراقییەکان هیچ کات پاڵپشتی و هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شکستی داعش لەبیر ناکەن.
لەو کۆبوونەوەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش بە ئاماژە بەوەی کە ئاسایش و سەقامگیری ئێران و عێراق کاریگەرییان لە سەر یەکدی هەیە، وتی: سەقامگیری عێراق و زیاتربوونی دەسەڵاتی حکومەتی ئەو وڵاتە لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا بۆ تێپەڕاندنی کێشە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان بە پێویست دادەنرێت.
ناوبراو وتی کە بوونی هێزەکانی بێگانە بە هۆکارێکی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی ناوچەکە دادەنرێت.
شەمخانی وتی کە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی بێگانە، سەرەتایەکی باشە بۆ دەرکردنی ئەوان لە تەواوی ناوچەکە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران ستایشی بڕیارەکەی دادگای عێراقی کرد بۆ دەستبەسەرکردنی دوناڵد ترەمپ و مایک پۆمپیۆ و وتی کە دەبێت تاوانبارانی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس سزای خۆیان وەربگرن.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە عێراق دەبێت پێگەی سیاسی و مێژوویی خۆی لە جیهانی ئیسلام و جیهانی عەرەب وەربگرێتەوە و وتی: ئەمەش دەرفەتێکە بۆ بەغدا لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاڵپشتی لە سەقامگیری بەردەوام لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی./.