بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەشاد گەڵاڵی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە زیاتربوونی جموجوڵی تیرۆریستانی داعش، وتی: کێشە سیاسی و ئابورییەکانی عێراق بەستێنی چالاکییەکانی داعشی لەم وڵاتە خوڵقاندووە، لە لایەکی دیکەوە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش ڕۆڵیان لە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق هەبووە.
ناوبراو وتی: جموجوڵەکانی ئەم دواییەی داعش لە عێراق پیشاندەری بۆشایی ئەمنییە لەم وڵاتە بە تایبەت لە هەندێک ناوچەکە کە پێویست بە داڕشتنەوەی پلانی ئەمنی نوێ لە لایەن حکومەتی بەغداوە دەکات.
ئەم شارەزا ئەمنییە وتی: بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە و کۆتایی هێنان بە جموجوڵی تیرۆریستانی داعش پێویست بە هەماهەنگی سێقۆڵی لە نێوان حکومەتی بەغدا، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات.
گەڵاڵی وتی کە ژمارەیەک لە تیرۆریستانی داعش لە چیای قەرەچووخدان و بوونی ئەوان بە هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ئەگەر بە جیدی ئاوڕ لەم کێشەیە نەدرێتەوە، تەقینەوەکانی بەغدا نە یەکەمین و نە کۆتا تەقینەوەش نابێت کە لەم وڵاتەدا ڕوو دەدات./.