بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد مەهدی مەلەکی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: دوو وڵاتی دراوسێی ئێران و عێراق بە سەدان کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی وشکانی و چەندین خاڵی هاوبەشی دیکەی نێوانیان بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوو کەوتوونەتە بەر پیلان و دوژمنایەتی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو ناحەزانەی کە چاویان بە ڕووی گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا لە سەرجەم بوارەکاندا هەڵنایەت.
ناوبراو وتی: عێراق گرنگترین وڵاتی دراوسێی ئێرانە، خاڵی هاوبەشی کەلتوری و ڕۆشنبیری، ئائینی و مەزهەبی، مێژوویی و جوگرافی و … لە نێوان هەر دوو وڵات و ئەڵبەت پەیوەندی زۆر بەهێزی سیاسی نێوان بەرپرسانیش بەستێنی پێویستی بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە سەرجەم بوارەکاندا دابین کردووە.
ئەم شارەزا نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: سەردانە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی بۆ هەر دوو وڵات لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و واژۆکردنی گرێبەستە جیاجیاکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ئەمنی و ڕۆشنبیری پەیوەندی ستراتیژی نێوان تاران و بەغدا پشتڕاست دەکاتەوە.
مەلەکی وتی: لەم نێوەندەدا یەکێک لە گرنگترین ڕێکەوتنەکانی نێوان ئێران و عێراق پلانی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە و ئاسۆی 20 ملیار دۆلاریی بۆ دیاری کراوە کە ئەمەش بە پێی دەفرایەتییەکانی ئێستای هاوکارییە بازرگانییەکان وەک ئامانجێکی سەرەکی دیاری کراوە.
وتیشی: بەڵام چەندین بەربەست لە بەردەم مسۆگەربوونی ئەم ئامانجەدا دەبینرێت کە بە پێی ئیرادەی جیدی نێوان بەرپرسانی هەر دوو لا لە پێناو خێراتربوونی مسۆگەربوونی ئەو ئامانجە 20 ملیار دۆلارییە، هیوادارین بەربەستەکانیش بە ئاسانی تێپەڕ ببن.
ئەم شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی وتی: پێگەی ئێران و عێراق لەم هەلومەرجەی ئێستای ناوچەکە و جیهان و ئەڵبەت جموجوڵ و پیلانگێڕییەکانی ناحەزانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە پێویست بە ووشیاری و پشوودرێژی زیاتر لە لایەن بەرپرسانی تاران و بەغداوە دەکات تا بتوانن بە بێ گرنگیدان بە پیلانگێڕی و دوژمنایەتییەکان، هەنگاو بەرەو زیاترکردنی هاوکارییەکان بنێن.
محەممەد مەهدی مەلەکی وەبیری هێنایەوە کە یەکێک لە بوارە گرنگ و کاریگەرەکانی هاوکاری ئابوری لە نێوان ئێران و عێراق هەناردەی گاز و کارەبای ئێرانە بۆ عێراق کە بەردەوامیشە بەڵام بە هۆی دۆخی ناوخۆیی ئێرانەوە لەم کاتەدا تا ڕادەیەک دابەزیوە و دەنگۆی ئەوەش هەیە کە عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی ڕوو لە بازاڕەکانی دیکە بکات.
ناوبراو وتی: ئەگەر عێراق لەم بوارەدا بڕیارێک بدات بێگومان لە ژێر گوشاری ئەمریکییەکاندا دەبێت و بە پێی پلانی حکومەتی بەغدا، عێراق تا ساڵی 2025 دەبێت لە بواری گاز و کارەبا پێویستی بە بازاڕەکانی دەرەوە نەبێت.
مەلەکی وتی: لە سەردانەکەی چەند مانگی ڕابردووی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی بۆ عێراق و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا چەندین گرێبەست و ڕێکەوتن واژۆ کران کە ئەمەش لە پێناو پچڕانی هاوردەی ئەم وڵاتە لە ئێرانەوە بووە.
وتیشی کە ناڕەزایەتی ئەمریکا لەم پەیوەندییە ئابورییەی عێراق و ئێران و درێژکردنەوەی چەندین جارەی ماوەی بەخشینی عێراق لە گەمارۆکان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە هەر بڕیارێکی بەغدا بۆ ڕاگرتنی هاوردەی گاز و کارەبای ئێران لە ژێر کاریگەری گوشارەکانی واشنتندا بووە.
مەلەکی وتی: وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسیش هەوڵەکانیان دەستپێکرد و ڕایانگەیاندووە کە لە قۆناغی پێکەوەبەستنی تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتانەن بە عێراق کە ئەمەش بە واتای کۆتایی هێنانە بە هاوردەی کارەبای ئێران و لە ئەنجامی ئەمەش ڕێکەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا بەرەو دابەزین دەڕوات.
ئەو شارەزا نێودەوڵەتییە وتی کە بەدەر لە کاراکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەندێک لایەنی وەک ڕەوتی سەدریش داوای ڕاگرتنی هاوردەی گاز و کارەبای ئێرانیان کردووە.
محەممەد مەهدی مەلەکی وتی: بەرپرسانی ئابوری و سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەبێت زیاتر گرنگی بەم بابەتە بدەن، لە بەر ئەوەی کە لە هەلومەرجی گەمارۆکان یەکێک لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی، زیاترکردنی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕۆڵی عێراقیش لەم نێوەندەدا گرنگ و کاریگەر دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: هیوادارین بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بتوانین بە پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە بازاڕی عێراق بە تایبەت هەناردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئێران بۆ ئەو وڵاتە لە دوو بواری گاز و کارەبا هەنگاوی پێویست لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجەکانی سیاسەتی ئابوری وڵات هەڵبگرین کە چەندین جار لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیشەوە جەختی لە سەر کراوەتەوە./.