بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی شوشتەری بە ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی چواردەهەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی سلێمانی ناسراو بە DBX2021 کە بڕیارە لە 20 تا 25 ی ڕەشەممەی 1399 کۆچی هەتاوی لە شوێنی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی ئەم شارە بەڕێوە بچێت، داوای لە کۆمپانیا گەورەکانی ئێران کرد کە چالاکانە بەشداری لەو پێشانگایەدا بکەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەستێن و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ناوچەی سلێمانی بە هۆی بوونی دوو خاڵی سنوری فەرمی باشماخ و پەروێزخان و 4 بازاڕچەی سنوری چالاکی شێخ سڵە، شۆشمێ، سەیرانبەند و کێلە، بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیی بە دەرفەتێک بۆ ناساندنی ئاستی توانای کۆمپانیا و وەبەرهێنەران و هەناردەکارانی ئێرانی ناو برد.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێران و عێراق دەیانەوێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان بۆ 20 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بکەنەوە./.