بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆشیار عەبدووڵا وتی کە شاندی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015 تا ئێستا بەردەوام دەڵێن ئامادەین نەوت ڕادەست بکەین بەڵام جێبەجێیان نەکردووە.
ناوبراو وتی کە هەرێمی کوردستان ئەمساڵیش هەمان پلانی هەیە و ئەوەی کە دەڵێن بیانووی بەغدامان بڕیوە، درۆیە.
ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق وتی کە عێراقی ئێستا لە گەڵ عێراقی 2015 تا 2019 جیاوازی هەیە و بە تایبەت کە ئێستا لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە و حکومەتی بەغدا بە ڕاشکاوانە بە شاندی هەرێمیان ڕاگەیاندووە کە ئێوە ساڵانێکە بەڵێنی خۆتان جێبەجێ نەکردووە.
ناوبراو وتی کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەک ساڵانی ڕابردوو بڵێت بە 250 هەزار بەرمیلەکە ڕازی دەبین بەڵام پاش تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە پەرلەمان دەڵێن کە پارەکەی ئەو ڕێژەیە چەندە با لە بودجەی هەرێم ببڕێت و ئەوەی دەمێنێتەوە ڕەوانەی هەولێری بکەن./.