بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا سەلیم ساسانی ڕۆژی پێنج شەممە لە پەراوێزی سەردانی شاندێکی بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە بە پەیامنێری جام کوردیی ڕاگەیاند کە ئەو پێشانگایە بە پێی پێشوازی ژووری بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە بە ئامانجی ناساندنی کاڵای ئێرانی لەو پارێزگایە دەکرێتەوە.
ناوبراو وتی کە لە سەردانی شاندە بازرگانییەکەی پارێزگای هەڵەبجە پلانی پێویست بۆ بەشداری و ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی ئێرانی لەو پێشانگایە تاوتوێ کراوە.
بەڕێوەبەری پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی پارێزگای کرماشان وتی کە پێشانگاکە مانگی ڕەشەممە یان سەرەتای بەهاری داهاتوو لە هەڵەبجە دەکرێتەوە.
بە وتەی ڕەزا سەلیم ساسانی لەو پێشانگایەدا زیاتر گرنگی بە کاڵا و بەرهەمەکانی پارێزگای کرماشان دەدرێت بەڵام وەبەرهێنەرانی پارێزگاکانی دیکەی ئێرانیشی تێدا بەشدار دەبێت.
ساسانی بەڕێوەچوونی وەها پێشانگایەکی بە هەنگاوێکی کاریگەر لە گەشەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ناو برد و وتی: دەبێت لەم دەرفەتە بۆ ناساندنی براندە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان کەڵک وەربگرین.
ئەم ئەندامەی ژووری بازرگانی کرماشان جەختی لە سەر زیاترکردنی پشکی ئێران لە بازاڕی عێراق کردەوە و وتی: لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆی واژۆکردنی ڕێکەوتنە هاوبەشەکان لە گەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەوڵی خێراترکردنی بوونی کاڵای ئێرانیمان لە بازاڕەکانی هەرێم داوە.
ساسانی بە ئاماژە بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: لە ساڵانی ڕابردوو کاڵای ئێرانی پێگەی شیاوی خۆیی لە بازاڕی عێراقدا بە دەست نەهێناوە، هەر بۆیە دەبێت بۆ زیاترکردنی پشکی ئێران هەوڵەکانمان وەگەڕ بخەین./.