بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە ڕاگەێندراوێکی هاوبەشدا جارێکی دیکە پاڵپشتی خۆیان بۆ لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سوریا لە ڕێگای هاوکاریکردنی شاندەکانی سوریا و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە.
هەر سێ وڵات لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایی لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سوریا لە 28 ی کانوونی دووەمی 2021 کۆبوونەوە و لە گەڵ شاندەکانی سوریا و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتووێژیان کرد.
هەر سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و ڕووسیا وێڕای پێشوازی لە بەڕێوەچوونی پێنجەم کۆبوونەوەی ئەو لێژنەیە، جارێکی دیکە جەختیان لە سەر بەڵێنی خۆیان لە بەرامبەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە و پێویستی ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایە لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە کردەوە./.