بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوورخستنەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنورەکانی تورکیا چەند ساڵێکە بۆ حکومەتی ئەنکەرە وەک ستراتیژێکی گرنگ پەیرەو دەکرێت و بە چەند هۆکارێک بووەتە خاڵێکی گرنگ لە پلانە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم ماوەیەدا بە ئاشکرا باسی پلانەکەی ئەنکەرەی بۆ هێرشی سەر شەنگال کرد. تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیاش پرسی شەنگال وەک پرسێکی گرنگ تاوتوێ کراوە.
ئاژانسی مەعلومەی عێراق لە سەر زاری بەرپرسێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە تورکیا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانە بە هێزەکانی لە گەورەترین بنکەی سەربازی خۆی لە کانی ماسی کە دوو هەزار و 500 سەربازی تێدا جێگیر کراوە و ئەگەرێکی زۆرە کە ئەمەش دەسپێکی هێرشی سەر شەنگال بێت. ئەم بنکە سەربازییە شوێنی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەشی هەیە.
ئەوەی کە بۆ لەم قۆناغەدا شەنگال بووەتە جێی بایەخی تورکیا، چەندین پرسیاری بە دوای خۆیدا هێناوە. پرسیاری ئەوەی کە تورکیا تا چەندە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە دەتوانێت پرۆسە سەربازییەکانی لە قووڵایی خاکی عێراق جێبەجێ بکات یان ئایا دەتوانێت ڕەزامەندی هەولێر و بەغدا لە سەر ئەو هێرشە مسۆگەر بکات؟
جموجوڵە خێراکانی تورکیا:
وەک چۆن کە ئاماژە درا، ئەردۆغان بە ڕاشکاوانە باسی ئەوەی کرد کە وڵاتەکەی ویستی هێرشی سەربازیی بۆ سەر شەنگال هەیە. جەختیشیکردەوە کە ئەو هێرشە لەناکاودا ڕوو دەدات. سەرۆک کۆماری تورکیا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە هاوکاریی عێراق بکات یان پێکەوە بە هاوبەشی ئۆپراسیۆنی سەربازی بەڕێوە ببەن.
لێدوانەکانی ئەردۆغان تەنیا چەند ڕۆژ پاش سەردانەکەی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ بەرپرسانی هەر دوو حکومەتی بەغدا و هەولێر بووە. خلوسی ئاکار لەو سەردانەدا وتی کە تورکیا لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشی شەنگال و دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە دەکات و ئامادەی ئەوەشە کە لەم پێناوەدا هاوکاری حکومەتی عێراق بکات، بە بێ ئەوەی کە وردەکاری دانوستانەکانی لە بەغدا و هەولێر ئاشکرا بکات.
سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا و لێدوانەکەی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، لە پاش سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنکەرە بووە. سەردانێک کە بە وتەی شارەزایان، ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنی زۆری تێدا بووە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش جەختی لەوە کردەوە کە نابێت خاکی وڵاتەکەی شوێنی دژایەتی و هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ بێت.
لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری گوشارەکانی تورکیا، هەولێر و بەغدا لە مانگی ئۆکتۆبەری 2020 سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزای شەنگال ڕێکەوتنێکی هاوبەشیان واژۆ کرد کە بە پێی ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنە، دۆسیەی ئەمنی شەنگال دەکەوێتە دەستی هێزەکانی فیدراڵ و سەرجەم هێزە چەکدارەکانیش دەبێت قەزاکە بە جێ بێڵن. هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق چوونەتە شەنگال و فەرماندەی ئەو هێزانەش ڕایگەیاندووە کە هیچ هێزێکی دیکە لە شەنگال شوێنی نابێتەوە.
بەڵام سەرەڕای ڕاگەیاندنی بەغدا و بوونی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ لە شەنگال، تورکیا دەڵێت کە هێشتا هێزەکانی پەکەکە بە ناونیشانی دیکە لەو قەزایە ماونەتەوە و هەوڵ دەدەن شەنگال بکەنە قەندیلێکی دیکە.
پێگەی ستراتیژیی شەنگال:
شەنگال کەوتووەتە نزیک سنورەکانی عێراق و سوریا. تورکیا ئەم قەزایە بە ئەڵقەی پێکەوەبەستنی ئەندامانی پەکەکە لە باکوری سوریا و قەندیل دەزانێت. تورکیا قەندیلێکی دیکە بە مەترسی ستراتیژی لە سەر خۆی و پلانە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە دەزانێت. تورکیا شەڕی پەکەکەی هێناوەتە هەرێمی کوردستان و دەتوانین بڵێین کە بوونی ئەو هێزانە لە شەنگال پلانە سەربازییەکانی ئەنکەرە ڕوبەڕوی شکست دەکاتەوە.
هاوکات شەنگال دەتوانێت ڕێڕەوی سەرەکی گواستنەوەی هێز و پێداویستی سەربازی لە نێوان سوریا و عێراق تا قەندیل بێت و ئەنکەرە دەڵێت کە پەکەکە چەک و پێداویستی سەربازی لە کوردانی سوریا وەردەگرێت کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
بەهێزترین سیناریۆکان:
سەرەڕای ئەوەی کە لەم ماوەیەدا دۆسیەی شەنگال چووەتە ڕیزی یەکەمی گرنگترین پلانە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا، بەڵام دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەو وڵاتە بە هۆی چەند بەربەستێکی سیاسی و سەربازی و دۆخی ناوچەکەوە پێدەچێت ئەستەم بێت.
لە ڕووی سەربازییەوە، سوپای تورکیا ناتوانێت بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر شەنگال. شەنگال ناوچەیەکی هاوسنور لە گەڵ تورکیا نییە و لە قووڵایی خاکی عێراقدایە، هەر بۆیە هێڵێکی ڕاستەوخۆی هاوکاری و گەیاندنی پێداویستی لۆجستی بۆ سوپای تورکیا وەک ئەوەی کە لە سوریا دەبینرێت، بوونی نییە، بە تایبەت ئەوەی کە ئەم بڕیارە بە بێ ڕەزامەندی بەغدا و هەولێر بێت. لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال دەتوانن دەست کراوەتر بن و دەتوانن لە خاکی هەرێمی کوردستان و لە باکوری سوریاوە پاڵپشتی بکرێن و ئەمەش کێشەی سەربازی دەخاتە بەردەم تورکیا.
لە ڕووی سیاسییەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو بە تایبەت لە پاش سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەنکەرە بەرەوپێشچوونی بە خۆوە بینیوە و بە دڵنیاییەوە کە تورکیا نایەوێت لەم کاتەدا بۆ قەیرانێکی دیکە لە گەڵ حکومەتی بەغدا بگەڕێتەوە، لە بەر ئەوەی کە عێراقییەکان بە توندی دژایەتی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی تورکیا لە خاکی خۆیان دەکەن و بە دەسدرێژی و پێشێلکردنی سەروەری ئەم وڵاتەی دەزانن، هەر بۆیە هێرشی تورکیا بۆ شەنگال دەتوانێت ببێتە قەیرانێکی سیاسی و ئابوری نوێ لە نێوان بەغدا و ئەنکەرە.
لە لایەکی دیکەوە لەم کاتەدا هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی تورکیا نییە و هەر هێرشێکی سەر عێراق دەتوانێت ببێتە ئامرازی دەستی وڵاتانی گەورەی عەرەبی وەک سعوودیە و ئیمارات و تۆمەتبارکردنی تورکیا بە دەسدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق کە ئەمەش هەوڵەکانی ئەنکەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە تووشی شکست دەکات. هاتنەسەرکاری جۆبایدن لە ئەمریکا و ویستی تورکیا بۆ دانوستان لە گەڵ واشنتن خاڵێکی گرنگی دیکەیە کە بێگومان دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە ڕەچاوی دەکەن.
لەم هەلومەرجەدا تورکیا تەنیا گوشارەکانی لە سەر هەولێر و بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پەکەکە چڕ دەکاتەوە تا لانیکەم لە ڕووی هەواڵگیرییەوە هاوکاریی بکرێت. لە ئەگەری شکستی ئەم بژاردەیە ڕەنگە تورکیا پەنا بۆ بڕیارێکی دیکە بدات بەڵام پێناچێت لە چەند مانگی داهاتوو بەدەر لە گوشاری سیاسی بیر لە بژاردەیەکی دیکە بکاتەوە./.