بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختی لە سەر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک لەم ڕێکەوتنە کردەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە هەر کات ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی گەڕایەوە، نابێت وەک ئامرازی سەپاندنی مەرج یان بیانوویەک بۆ گۆڕانکاری لە ڕێکەوتنەکە بەکاری بێنێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە پێویستە بە تەواوی بڕگەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران جێبەجێ بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی هێرشی گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران مایەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی دەتوانێت ڕاستییەکانی پلانی ناوەکی ئێران بسەلمێنێت./.